ته‌مووز 09, 2020 18:46 Asia/Tehran
  • باڵوێزخانەی ئێران لە کییەف: تاران قەت پرسیارەکانی لایەنی ئۆکرانیای بێ وەڵام نەھێشتووەتەوە

باڵوێزخانەی ئێران لە کییەف لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە قسەکانی ھێندێک لە کاربەدەستانی ئۆکرانیایی لە مەڕ وەڵام دانەوەی تاران لەمەڕ ڕووداوی داکەوتنی فڕۆکەکەی ئەو وڵاتە، ڕایگەیاند: لایەنی ئێرانی قەت یادداشتەکانی لایەنی ئۆکرانیای بێ وەڵام نەھێشتووەتەوە.

ھەشتەمی ژانویەی ٢٠٢٠ فڕۆکەیەکی موسافیرھەڵگری سەربە ھێڵی ئاسمانیی ئۆکرانیا لە گردوپەڕی تاران داکەوت کە لە ئەنجام دا ١٦٧ موسافیرو ٩ خزمەتگوزاری ئەو گەشتە ئاسمانییە گیانیان لە دەست دا.

زۆربەی موسافیرەکانی ئەو فڕۆکە ئێرانیە کە لە گردوپەڕی تاران داکەوت شارومەندی ئێرانی بوون و ٣٢ کەسیان پاساپۆرتی پێنج وڵاتی کەنەدا، ئەفغانستان، ئۆکرانیاو بریتانیایان پێ بووە.

باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کییەف ڕۆژی پێنج شەممە لە بەیانامەیەک دا جەختی کرد: وەڵامی تاران بۆ بەرپرسانی ئۆکرانیا یا بەشێوەی یادداشتی فەرمی و یان دیداری فەرمیی نێوان کاربەدەستانی ئێرانی لەگەڵ باڵوێزی ئۆکرانیا لە تاران و یاخود دیداری باڵوێزی ئێران لەگەڵ کاربەدەستانی ئۆکرانی بووە.

لەم بەیاننامەیەدا ھاتووە: ئێران بەردەوام ئامادە بوونی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنی ئۆکرانی بە پێی داب و نەریتە نێونەتەوەییەکان ڕاگەیاندووەو بۆ چەند مانگێک دەڕوات کە دەقێکی تۆکمەوتەواوی ئاراستەی لایەنی ئۆکرانیا کردووە کە ھەتا ئێستا بێ وەڵام ماوەتەوە.

باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەکییەف ڕایگەیاندووە: ئامادە بوونی لایەنی ئێرانی بۆ دەست پێکردنەوەی وتووێژی دوو وڵات لە بیستی ژوئیەوە دراوەتە باڵوێزخانەی ئۆکرانیا لە تاران و لە ئێستادا تاران چاوەڕوانی دیاری کرانی بەروارەکەیەتی لە لایەن ئۆکرانیاوە.