ته‌مووز 12, 2020 12:03 Asia/Tehran
  • رێکخراوی تەندروستیی جیھانیی : لەدۆخی ئێستادا زەحمەتە کۆرۆنا کۆتایی بێت

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی راشیگەیاند، بەدور دەزانرێت لەژێر سایەی ئەو دۆخەی ئێستا جیهانی تێدایە، ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کۆتایی پێبێت.

 

لەو بارەیەوە مایک رایان بەڕێوەبەری بەرنامەی فریاکەوتن لەرێکخراوی تەندروستی جیهانی باسی لەوە کردووە، کە بەدوور دەزانرێت لەژێر سایەی ئەو دۆخەی ئێستای جیهاندا ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو ببرێت یان بەسەریدا زاڵ  ببین، جەختیشی لەپێویستی دامرکاندنەوەی مۆڵگەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە جیهاندا کردووەتەوە.

بەبۆچوونی رایان ئەگەر بێت و ئەو هەنگاوە بنرێت ئەوە دەتوانرێت ڕێگەری لەوە بکرێت جارێکی تر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بگاتەوە لوتکە، یان جیهان ناچار بێت پەنابەرێتەوە بەر داخستن و کەرەنتینەی تەواوەتی.

لەمانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٠ وە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ لەجیهاندا بڵاوبووەتەوە، کە سەرەتا لەشاری وهانی چینەوە دەستیپێکردو زیانێکی گەورەی بە زۆرینەی کەرتە ئابوورییەکانی جیهان گەیاند بەتایبەت کەرتی گواستنەوە‌و گەشتیاری و بواری سەرگەرمی، ئەوە جگە لە هەرەسهێنانی بۆرسە جیهانییەکان و دابەزینی بەرچاوی نرخەکانی نەوت، کە لەمێژوودا بێپێشینە بووە.