تشرینی یه‌که‌م 01, 2022 09:08 Asia/Tehran
  • نەتەوە یەکگرتووەکان: زۆربەی کوژراوەکانی هێرشەکەی کابول ژنانی شیعەن

 نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری لە ئەفغانستان (یوناما) ڕایگەیاند کە بەپێی ڕاپۆرتەکان زیاتر لە ٦٠٪ی ئەو کەسانەی لە هێرشە تیرۆریستییەکەی کابول کوژراون، ژنانی گەنجی کۆمەڵگەی هەزارە شیعەن.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، یۆنامی شەوی هەینی لە پەیامێکی تویتەری دا نووسیویەتی: دەبێت تاڵیبان ئەرکەکانی خۆی بۆ دابینکردنی ئاسایشی هەموو ئەفغانییەکان جێبەجێ بکات، پەروەردە دەبێت دوور بێت لە دەمارگرژی و توندوتیژی.

هەروەها یۆنامی لە تویتێکی تردا نووسیویەتی: بنەماڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی ئەم توڕەییە دەکەن و سەرەخۆشی قووڵی خۆیان بۆ هەموو تازیەداران دەردەبڕن.

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان، سەرلەبەیانی رۆژی هەینی، بەهۆی تەقینەوەی خۆکوژی لە ناوەندی پەروەردەی کاج لە دەشتی بارچی کابول، زیاتر لە بیست کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.

تەقینەوە تیرۆریستییەکە کاتێک ڕوویداوە کە قوتابیان خۆیان بۆ تاقیکردنەوەی وەرگرتن لە زانکۆ ئامادە دەکرد.

ئەوە لەکاتێکدایە کە گرووپی تاڵیبان  لە بارەی ئاسایشی گەلی ئەفغانستانی بە تایبەت هەزارە و شیعەکان بەڵێنی دابوو. بەڵام تەقینەوەی خوێناوی لە ناوچە جیاجیاکانی ئەفغانستان، لەوانە کابول، نەک هەر کەم نەبووەتەوە، بەڵکو ژمارەیان لە زیادبووندایە.