ته‌مووز 06, 2020 00:54 Asia/Tehran
  • وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق: کارتی زۆرمان بۆ وەڵامدانەی دەستدرێژییەکانی تورکیا لەبەرداستدایە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحەمد سەحاف یەکشەممە جەختیکردەوە لەوەی وڵاتەکەی چەندان کارتی لە بەردەستە بۆ وەڵامدانەوەی دەستدرێژییەکانی تورکیا، گرنگترینیشیان کارتی ئابوورییە.

 

سەحاف لە  وتووێژێکی لەگەڵ ئاژانسی "سپوتنیک"ی ڕووسی، وتی "عێراق خاوەنی سەرچاوەی بەهێزە لەنێویاندا کارتی ئابووری، لەکاتێکدا دەیان کۆمپانیای ئابووری و وەبەرهێنانی تورکی لە عێراقدا هەن.. عێراق ساڵانە بە بڕی زیاتر لە 16 ملیار دۆلار بازرگانیی هاوبەشی لەگەڵ تورکیا هەیە، هەروەها یاسا نێودەوڵەتییەکان کە ماف بە عێراق دەدات و بەهۆیەوە دەتوانێت بچێتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و داوای دانیشتنی بەپەلە بکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتە (دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆسەر خاکی عێراق)، هەروەها کۆمکاری عەرەبی-ش لەسەر ئاستی وەزاری و ڕێکخراوەکانی هاریکاریی ئیسلامی و ئەوانی دیکەش.

ناوبراو درێژەی داوەتە قسەکانی و وتوویەتی، "هەموو ئەم کارتە بەهێزانە لە بەردەستی حکوومەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوەدان، بەڵام تا ئێستا، گفتوگۆی سیاسی و جێبەجێکردنی پرەنسیپەکانی دراوسێیەتیی باش بە ڕێگەچارە دەبینین بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو  کێشەیەدا کە ڕەنگدانەوەی لەسەر ئاسایش و سەقامی ئەم ناوچەیە و وڵاتانی عەرەبی هەیە.

"وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحەمد سەحاف وتیشی، "تاوەکو ئێستا دوو جار لەسەریەک باڵیۆزی تورکیا لە بەغداد-مان بانگ کردووە و لە جاری دووەمدا نامەیەکی توندی ناڕەزایەتیمان پێیان داوە و سەرکۆنەی دەستدرێژییەکانمان کردووە، هەروەها پرۆسە تاکلایەنەکانی تورکیامان لەسەر سنوور ڕەتکردووەتەوە و جەختمانکردووەتەوە لەوەی "ئەو کارانە خێر بۆ ناوچەکە ناهێنن؛.

"ئەحمەد سەحاف جەختیکردەوە لەوەی "ئەو کارانە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق نەکراوە، ئەسڵەن هیچ جۆرە هەماهەنگییەک بوونی نییە لەوبارەوە، بەڵکو ئەو کارانە هەڵکشانی گرژییەکان لەسەر سنووریی نێوان هەردوو وڵات زیاتر دەکات."

ئەم لێدوانەی وتەبێژەکەی دەرەوەی عێراق لە کاتێکدایە شەوی شەممە حکوومەتی عێراق لە زاری وتەبێژی سەرۆکوەزیرانەوە داوای لە تورکیا کرد دەستبەجێ "دەستدرێژییەکان"ی بۆسەر خاکی عێراق ڕابگرێت و بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقیی زیانە مرۆیی و ماددییەکان هەڵبگرێت.