ته‌مووز 06, 2020 13:07 Asia/Tehran
  • داوای پێکهێنانی شاندێکی دانوستان بۆ کۆتایی هێنان بە دەستدرێژیەکانی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان

لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، ڕایگەیاند چارەسەری سیاسی دەتوانێت کێشەکانیان لەگەڵ تورکیا کۆتایی پێبهێنێت و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەرێمی کوردستاندا بوەستێنن.

 

سەعران ئەعاجیبی ئەندامی لیژنەی ئەمنی و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، بە ڕۆژنامەی ئەلسەباحی وت، "سەرکۆنەکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی چیدی سوودی نییە، دەبێت فایلی دەستدرێژییەکان بۆسەر خاکی عێراق لەڕێی چارەسەری سیاسییەوە کۆتایی پێبهێنرێت".

سەعران ئەعاجیبی داوای لە حکوومەتی عیراقیش کرد، "شاندێک پێکبهێنێت بۆ دانوستان و لێکتێگەیشتن لەگەڵ تورکیا".

ئەندامی لیژنەکە لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ ڕۆژنامەکە ئاماژەی بە پێویستیی چارەسەری سیاسی کرد و ڕوونی کردەوە، "پێویستمان بە چارەسەری سیاسییە بۆ کۆتاییهێنان بەم فایلە، ئەویش لەڕێی پێکهێنانی شاندێکی پەرلەمانی و حکوومی لە بەغداد و هەولێر، کە لە نێوان خۆیاندا لەیەک تێبگەن، پاشان ڕووبکەنە تورکیا بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە، چونکە لە ئێستادا پرسەکە سیاسییە نەوەک سەربازی".

لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانەوە، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی و وشکانی بۆ سەر و ناو خاکی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە، بەهۆشیەوە 7 کەسی مەدەنی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، سەرەڕای کەوتنەوەی زیانی ماددی و چۆڵکردنی  دەیان گوند لە دەوروبەری زاخۆ.