ته‌مووز 08, 2020 07:45 Asia/Tehran
  • مەسجیدی: عێراق نابێتە شوێنێک بۆ  مۆڵ درانی دوژمنانی ئێران

باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا وێڕای ئاماژەکردن بە ئاڵوگۆڕەکانی چەند ساڵی ئەم دواییەی عێراق، وتی: ئەم وڵاتە نابێتە شوێنێک بۆ مۆڵ درانی دوژمنانی ئێران.

«ئیرەج مەسجیدی» باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا ڕۆژی سێ شەممە لە کۆبوونەوەی لێکدانەوەی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ئەم دواییەی عێراق کە بە شێوەی ئۆنلاین بەرپا کرا، بە دەربڕینی ئەمەی کە عێراق لە قۆناغەکانی داگیرکران و داعش و ناھێمنی پەڕیوەتەوە، وتیشی:کۆماری ئیسلامیی ئێران  لەم سێ قۆناغەدا ڕۆڵێکی ڕوون و کارای ھەبووە کە تەواوی کەسایەتی و کاربەدەستانی عێراقیش ئاگایان لێیە.

مەسجیدی لە درێژەی وتەکانی وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە ئەمریکییەکان ناتوانن ئێران لە گۆڕەپانی عێراق دا بسڕنەوە، وتیشی: تاران و بەغدا بەردەوام لە تەنیشتی یەکتردان و پێویستیان بە ھاریکاریی یەکترەو لە ئێستادا ئاستی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانی و وزەی نێوان ئێران و عێراق زیاتر لە ١٣ ملیارد دۆلارە.

باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا وێڕای ئاماژە کردن بە  ڕوانگەی ھاوبەشی ئێران و عێراق لە بارەی ڕۆڵی تێکدەرانەی ڕژێمی زایونی لە ناوچەکەدا، وتیشی: دەوڵەت و جەماوەری عێراق ڕژێمی زایونی بە گەورەترین دوژمنی خۆیان دەزانن.

کۆبوونەوەی پسپۆڕانەی لێکدانەوەی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی عێراق بە ھاوکاریی کۆگەی نێونەتەوەیی مامۆستایانی موسڵمانی زانکۆکان و بە ئامادە بوونی باڵوێزی ئێران لە بەغدا، «عەلی عەبودی» بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییە سیاسییەکانی کەتائیبی حیزبوڵڵایی عێراق و کارناسانی بواری کاروباری عێراق و ڕۆژئاوای ئاسیا بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە چوو.