ته‌مووز 09, 2020 02:31 Asia/Tehran
  • سەرۆک کۆماری عێراق بۆ پێشگرتن بە دەست درێژکارییە سەربازییەکانی تورکیا ھانا بۆ وڵاتانی عەرەبی دەبات

بەرھەم ساڵح لە میانەی پێشوازی کردنی لە ژمارەیەک لە باڵیۆزی وڵاتانی عەرەبی جەختی لە لەگرنگایەتی پشتیوانی لە عێراق بۆ راگرتنی پێشلکارییە سەربازییەکانی تورکیا کردەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە راگەیەنراوێکى سەرۆکایەتى کۆماری عێراق، ڕۆژی چوارشەممە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق لەکۆشکی بەغداد پێشوازیی کرد لە ژمارەیەک باڵیۆزی وڵاتانی عەرەبی و لە دیدارەکەدا لەبارەی چۆنیەتیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی کارا لە تەواوی بوارەکان، قسەی لەگەڵ کردن.

سەرۆک کۆمار  وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە سەقامگیری عێراق کۆڵەکەییەکی گرنگە بۆ ئارامی ناوچەکە، وتیشی:  عێراق دەوڵەتێکی خاوەن کاریگەرییە لەسەر ئاستی ناوچەکەو جیھان، بۆیە پێویستە رێز لە سەروەریی عێراق بگیردرێت و دەستوەرنەدرێت لە کاروباری ناوخۆیی ئەم وڵاتە.

هەر بەپێی راگەیەنراوەکەى سەرۆکایەتى کۆمار ، بەرهەم ساڵح باسى لە پێویستیی راگرتنی پێشلکارییە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق کرد و لە بەرامبەردا ستایشی هەڵوێستی وڵاتانی دۆست و کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی کرد لە پشتیوانی عێراق بەرامبەر  پێشلکارییە بەردەوامەکانی تورکیا و دامەزرانی ئاسایشت و ئارامی لە عێراق دا.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبییش پشتیوانیی خۆیان بۆ هەوڵەکانی عێراق دووپاتکردەوە لە بارەی پارێزگاریکردن لە سەروەری و خاکەکەی بەرامبەر بەهەر دەستوەردانێکی دەرەکی. ھەروەھا  جەختیان  لەسووربوونی وڵاتەکانیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری و هەماهەنگیەکانیان لەگەڵ عێراقیش دا کردەوە.