ته‌مووز 10, 2020 03:44 Asia/Tehran
  • حەکیم: گرفتە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان دەبێ لە ڕێگای وتووێژەوە چارەسەر بکرێت

«سەیید عەممار حەکیم» ڕابەری ڕەوتی حیکمەتی نیشتیمانیی عێراق ڕۆژی پێنج شەممە لە دیدار لەگەڵ «ستیفان ھیکی» باڵوێزی بریتانیا لە بەغدا جەختی لەوە کردەوە کە گرفتە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان دەبێ بە دۆزینەوەی خاڵی ھاوبەش لە ڕێگای دانوستان و وتووێژەوە چارەسەر بکرێت.

بە پێی ڕاپرتی ئیرنا، حەکیم لەم دیدارەدا پێی داگرت، ھاوپەیمانیی «عێراقییون» بە مەبەستی داکۆکی لە حکومەت و ڕێبازەکەی وبووژاندنەوەی متمانە بە ڕەوتی سیاسیی وڵات و خەباتی دژی گەندەڵی و ھەوڵدان لە ئاراستەی بەرپاکردنی ھەڵبژاردنی پێشوەختە، پێکھاتووە.

ڕابەری ڕەوتی حیکمەتی نیشتیمانیی عێراق ھەروەھا لە سەر پێویستیی پەرە پێ دانی ھەوڵەکان و گۆڕینەوەی ئەزمون بۆ وەپشت سەر نانی قەیرانی کۆرۆنا پێی داگرت.

«سەیید عەممار حەکیم» ڕۆژی سێ شەممە ٣٠ ژوئەنی ڕابردوو بە بۆنەی سەدەمین ساڵگەڕی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٢٠ی  عێراق دژی داگیرکەرانی بریتانی ، بە پشتیوانیی بڕێک لە فراکسیۆنە بچوکەکانی شێعە لە پەرلەمانی عێراق لەوانە «پارتی فەزیلەتی ئیسلامی» و «بزوتنەوەی خواست»و کۆمەڵێک لە نوێنەرانی سەربە «ھاوپەیمانیی نەسر» بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی و ژمارەیەک لە نوێنەرانی سەربەخۆی پەرلەمان پێکھاتنی ھاوپەیمانیی «عێراقییون» ی ڕاگەیاند.

ئەم ھاوپەیمانییە پەرلەمانییە ٤١ نوێنەری ھەیە.

سەرپەیڤ