جەختی حەکیم لە سەر دژایەیی عێراق لەگەڵ ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی لەگەڵ ڕژێمی زایونی
ڕابەری ڕەوتی حیکمەتی نیشتیمانیی عێراق شەوی سێ شەممە لە پەیامێکدا بە بۆنەی ڕێزنان لە ڕۆژی نێونەتەوەیی ھاوپشتی لەگەڵ گەلی فەلەستین جەختی کرد لە سەر دژایەتیی وڵاتەکەی لەگەڵ ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی لەگەڵ ڕژێمی زایونی.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «سەیید عەممار حەکیم» لەم پەیامەی دا نووسیویەتی: ڕێزنان لە ڕۆژی نێونەتەوەیی ھاوپشتی لەگەڵ گەلی فەلەستین ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێ کە کێشەی ئەم نەتەوە پشوودرێژە، کێشەیەکی مرۆڤانەو دادگەرانەو ڕەگ داکوتاوە لە ویژدانی عەرەبی و ئیسلامی و ئینسانی داو ئەمەش پەیوەندیی بە تێپەڕینی کات و ساتەوە نییە.
ناوبراو لە درێژەدا جەختی لەوە کردەوە کە، گەلی چەوساوەی فەلەستین مافێکی ڕەوای ھەیە لە سەرزەوین و دێروک و داھاتووی بەرەکانیەوەو ئەم مافە بە تاڵان براوەش بە سەرکەوتن و داکۆکی لە ئاستی عەرەبی و ئیسلامی و ئینسانی و بە یەکگرتوویی فەلەستینییەکان و ئاراستەکردنی نوکی ڕمەکانیان بەرەو ڕژێمی زایونی و وەلانانی دووبەرەکییەکانیان نەبێت، بە ھیچی دیکە دەستەبەر ناکرێت.
حەکیم پێی داگرت: عێراق و مەرجەعییەتی دینی و گەلی بوێرو تەواوی چین و توێژەکانی بەرەڤانیکاری ئارمانجەکانی گەلی فەلەستین و نەیاری ھەرچەشنە ھەوڵدانێک لە ئاراستەی سڕینەوەی شوناسی نیشتیمانیی ئەم گەلەو بێ بەری کردنی فەلەستینییەکان لە نیشتیمانی خۆیان و زەوت کرانی ئازادی و کەرامەتیانن.