تشرینی یه‌که‌م 02, 2022 06:34 Asia/Tehran
  • یەکێتیی ئەورووپا نیگەرانیی خۆی لە زیادبوونی گرژییەکان لە عێراق دەربڕی

یەکێتیی ئەورووپا نیگەرانیی خۆی لە زیادبوونی گرژییەکان لە عێراق دەردەبڕێت و دەڵێت، نابێت پڕۆسەی دیموکراسی لە عێراق لاواز بکرێت.

 پیتەر ستانۆ، گوتەبێژی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری دەرەوە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، یەکێتیی ئەورووپا "زۆر نیگەرانە" لە پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ئەم دواییەی عێراق؛ گوتیشی کە تووندوتیژی "هەرگیز" چارەسەر نییە و نابێت رێگەی پێبدرێت دیموکراسی لاواز بکات.

پیتەر ستانۆ گوتیشی، یەکێتیی ئەورووپا داوا لە هەموو لایەک دەکات سەرکۆنەی تووندوتیژییەکان بکەن و ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە هەمووان دان بەخۆیاندا بگرن و کار بۆ نەهێشتنی گرژییەکان بکەن.

یەکێتیی ئەورووپا داوا لە لایەنەکان دەکات بە "متمانەیەکی باشەوە" بەشداری لە دیالۆگی بەرهەمداردا بکەن و لە چوارچێوەی دەستووردا خواست و بەرژەوەندیی گەلی عێراق بخەنە پێش هەموو شتێکەوە.

یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، ئەوان پابەندبوونی خۆیان بۆ پاڵپشتی کردنی رێچکەی بەردەوامی عێراق بەرەو چاکسازی و سەقامگیری و سەروەرییەکەی دووپات دەکەنەوە.