ته‌مووز 07, 2020 16:43 Asia/Tehran
  • یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بوو بە پاڵەوانی باڵەی عێراق

یەکێتی ناوەندی باڵەی عێراق،ناسناوی وەرزی ئەمساڵی خولی باڵەی یانە نایابەکانی عێراق دەبەخشێتە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی.

بە پێی ڕاپۆرتی بەشی وەرزشیی ماڵپەڕی خەندان، یەکێتی ناوەندی باڵەی عێراق،بە شێوەیەکی فەرمی بڕیاری دا ناسناوی وەرزی ئەمساڵی خولی باڵەی یانە نایابەکانی عێراق ببەخشێتە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی.

یەکێتی ناوەندی باڵەی عێراق دوایین کۆبونەوەی خۆی لە بەغدا ئەنجام داو  دوای تەواوبونی یارییەکانی قۆناغی بژاردەش، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بوو بە پێشەنگ لە یارییەکاندا.

ئەم ناوەندە وەرزشییەی عێراق بە سەرنجدانی  بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێستادا بڕیاری داوە یارییەکانی قۆناغی چوارگۆشەی زێرین ئەنجام نەدرێت. بەم پێیە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی کە لە وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و هیچ یارییەکی نەدۆڕاند، وەک پاڵەوانی وەرزی ئەمساڵ دەستنیشانکرا، کە ئەمە جاری دووھەمە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی ناسناوی خولی باڵەی یانەی نایابەکانی عێراق بەدەست دەهێنێت.