ئاب 08, 2022 16:08 Asia/Tehran
  • دوو بۆنە لە ڕۆژێکدا

ئەمڕۆ دەھەمی موحەڕڕەمولحەرامی ساڵی ١٤٤٤ی کۆچیی مانگی، ڕێککەوت لەگەڵ ھەشتەمی ئابی ٢٠٢٢ی زایینی، ھەڵگری دوو بۆنەی عاشورای حسەینی (ع) و ڕۆژی پەیامنێرە.

چەند پێکھاتەیەکی ناوازەیە ڕۆژی عاشورای حسەینی(ع)و ڕۆژی ڕێزنان لە تێکۆشانی پەیامنێران، دوو رووداو لە یەک ئاراستەداو بۆ ڕوون کردنەوەی یەک ئامانج.

پاڵەوانی یەکەم ڕووداو سارای قاقڕی کەربەلای بە خوێنی سووری خۆی ئاوەدان کردەوە بۆ ئەوەی کە مرۆڤ لە ھەر سەردەمێکدا ئەگەر دینی نەبوو لانیکەم خاوەنی بیرێکی ئازایانەو دادخوازو تژی لە ورەی نەھی لە خراپەو ئەمر کردن بە چاکە بێت و پاڵەوانانی دووھەم ڕووداویش شوێنکەوتووانی ھەمان پاڵەوانی یەکەمن چ بیانەوێ و چ نەیانەوێ ، بە ھەر زمان و ڕەنگ و ڕەگەزێکەوە، بەو مەرجەی ڕاستبێژانەو لە ناخی دڵەوە ھەستابن بە ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکەی خۆیانیان بۆ تەرخان کردووە.

بەڵێ، حسەینی کوڕی عەلی (ع) گەورەترین پەیامنێری سەردەم بوو لە قۆناغی عاشورا ھەتا ئەمڕۆ، کەسایەتییەکی ھەڵکەوتە کە گەورەترین ئەرکی پەیامنێربوونی کە ھەمان ڕوون کردنەوەو دەرخستنی ڕاستییەکان و نەکشانەوەو کۆڵ نەدان لە ئاشکرا کردن و لەقاودان بوو، بە ئازایانەترین و ناوازەترین شێوە بەجێ ھێناو کاتێک کە بە ناوی ترۆپکی ئازادی و ڕادەربڕینەوە ڕووبەڕووی ترۆپکی چەوساندنەوەو گەندەڵی وەستاو ڕایگەیاند کە: کەسێکی وەک من ھەرگیز لەگەڵ کەسێکی وەک تۆ ناساچێ و بەیعەت ناکات، ڕێبازی ھەموو پەیامنێرانی دوای خۆی ڕوون کردەوەو ئەرکی بۆ دیاری کردن و تێی گەیاندن کە لە ھیچ سەردەمێکدا ئەوەی لە بەرەی حەق و ڕاستی دا بێت لەگەڵ بەرەی ناحەقی و ناڕاستی دا یەک ناگرێتەوە.

ئەمڕۆ دەھەمی موحەڕڕەمولحەرامی ساڵی ١٤٤٤ی کۆچیی مانگی، ڕێککەوت لەگەڵ ھەشتەمی ئابی ٢٠٢٢ی زایینی ھەڵگری دوو بۆنەی عاشورای حسەینی، ساڵگەڕی شەھید بوونی ئیمامی حسەین(ع) و ڕۆژی پەیامنێرە. لە کەناڵی ئاسمانیی سەحەرەوە ڕێز دەگرین لە ھەردووک یادەکەو بۆ ھەموو مرۆڤە بڕوادارەکان و بە تایبەت میدیاکاران لە ئاراستەی ئەرک بەجێ ھێنان لە ڕێبازی ڕاگەیاندن و ڕووناکایی بەخشین بە بیروھزری کۆمەڵگا جۆربەجۆرەکان ئاواتی ماندوویی نەنانسی و سەرکەوتن دەخوازین.