حوزه‌یران 21, 2020 11:07 Asia/Tehran
  • حەجی عەمرە ھەروا رێگەی پێنادرێ

وەزارەتی ناوخۆی سعودیە رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، قەدەغەی هاتوچۆ هەڵدەگیرێت و تەواوی چالاکییە ئابوری و پیشەسازییەکان دەستپێدەکاتەوە بەڵام عەمرە و گەشتە ئاسمانییەکان هەر بە قەدەغەکراوی دەمێننەوە.

 

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی سعودیە رایگەیاند: "بەپێی ئەو رێنماییانەی کە لایەنە تەندروستییەکان لەبارەی رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە دیاریانکردووە، وڵاتەکە دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی بەڵام بە خۆپارێزییەکی چڕتر لە جاران و پابەندبوونێکی زیاتر بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە".

ئاماژە بەوەشکراوە: "لە کاتژمێر شەشی ئەمڕۆوە قەدەغەی هاتوچۆ لە سەرجەم ناوچە و شارەکانی وڵاتەکە هەڵگیراوە و رێگا بە دەستپێکردنەوەی هەموو چالاکییە ئابووری و پیشەسازییەکان دراوە، لەگەڵ پابەندبوونی تەواوەتی بە خۆپارێزی و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی".

ئەوەش خراوەتەڕوو: "عەمرە و گەشتە ئاسمانییەکان بە قەدەغەکراوی دەمێنێتەوە و پێویستە هەمووان پابەندبن بەم بڕیارانەوە، هەر کەسێکیش سەرپێچی بکات سزا دەدرێت".

دوای زیاتر لە سێ مانگ وەستان و قەدەغەکردنی چالاکییە جۆر بە جۆرەکان لە سەرتاسەری جیهاندا لەپێناو روبەروبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، لە ئێستادا بەشێک لە وڵاتان ژیانیان ئاسایی کردووەتەوە و چالاکییە ئابوری و پیشەسازییەکانیش لە دەستپێکردنەوەدان.