ته‌مووز 07, 2020 12:34 Asia/Tehran
  • بەرپاکرانی کۆبوونەوەی «شوێنھاتەکانی گەڵاڵەی لکاندنی کەرتی ڕۆژئاوا بە سەرزەوییە داگیرکراوەکان» لە تاران

بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران بۆ بەشی ڕۆژئاوای ئاسیا، ئامانجی ڕژێمی زایونی لە ڕاپەڕاندنی گەڵاڵەی لکاندنی زەوی و زارێکی زیاتری کەرتی ڕۆژئاوای چۆمی ئەردەن بە سەرزەوییە داگیرکراوەکانی بۆ ناچار کردنی فەلەستینییەکان بە جێ ھێشتنی ماڵ و حاڵی خۆیان و لەنێوبردنی زیدونیشتیمانەکەیان گەڕاندەوە.

«حەمید ڕەزا دیھقانیی پودە» بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران بۆ بەشی ڕۆژئاوای ئاسیا، ڕۆژی دووشەممە لە دانیشتنی مەجازیی «شوێنھاتەکانی گەڵاڵەی لکاندنی کەرتی ڕۆژئاوا بە سەرزەوییە داگیرکراوەکانی ژێر ڕکێفی ڕژێمی زایونی» وتی: ڕێگای خەباتی دژی ڕژێمی داگیرکەری ئیسرائیل و ڕزگار کردنی قودسی پیرۆز یەکگرتنی نێوان گەلانی موسڵمانە.

«دیھاقانی پودە» بە دەربڕینی ئەمەی کە کێشەی فەلەستین کێشەی ھەموو وڵاتانی موسڵمان و ئازادیخوازی جیھانە، پێی داگرت: بۆ سەرکەوتن ھیچ ڕێگایەک بێجگە لە بەردەوام کردنی خۆڕاگری لە ئارادا نییەو لەم ئاراستەیەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام پشتگریی لە یەکگرتنی فەلەستینییەکان و ڕرگار کرانی قودسی پیرۆز کردووە.

«خالید قوددومی» نوێنەری بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین «حەماس» لە تارانیش لە دانیشتنەکەدا، وتی: لەو ئامانجانەی ئیسرائیل لەنێو بردنی بەرەی خۆڕاگری و دەستخستنی ڕەوایەتییە کە دیارە ئەو کارانەی جێ و شوێنی یاسایی و نێونەتەوەیی نییە.

«قوددومی» جەختی کرد: ئەگەر ڕژێمی زایونی گەڵاڵەی لکاندنی کەرتی ڕۆژئاوا بە سەرزەوییە داگیرکراوەکان» پێ و شوێن بگرێت، ئینتیفازەیەکی دیکە سەر ھەڵدەدات.

«ناسر ئەبوشەریف» نوێنەری بزوتنەوەی جیھادی ئیسلامیی فەلەستین لە تارانیش لەم دانیشتنەدا بە دەربڕینی ئەمەی کە ئەمریکاو ئیسرائیل بە پشتبەستن بە ھێندێک لە وڵاتانی عەرەبیی وەک عەرەبستلن و ئیمارات بە نیازی گۆڕینی ھەل و مەرجی سەرزەوینی فەلەستین بە قازانجی خۆیانن، وتی: ئەم ھەڵوێستە وای کردووە ھەتا گەڵاڵەی زایونیستی_ئەمریکیی «سەودای سەدە» دژی جەماوەری فەلەستین بێتە ئاراوە.

کۆبوونەوەی مەجازیی «شوێنھاتەکانی گەڵاڵەی لکاندنی کەرتی ڕۆژئاوا بە سەرزەوییە داگیرکراوەکانی ژێر ڕکێفی ڕژێمی زایونی» ڕۆژی دووشەممە لە سەر ئەرکی ئەنجومەنی ستراتژیی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە بەشداریی خاوەن ڕایانی ئەم بوارە لە تاراندا بەڕێوە چوو.

سەرپەیڤ