ته‌مووز 04, 2020 16:02 Asia/Tehran
  • هه‌نارده‌کردنى نه‌وتى هه‌رێم 100هه‌زار به‌رمیل که‌مى کردووه‌

له‌سه‌ر داواى حکومه‌تى عێراقى لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بۆ 267 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزیوە، کە بەراورد بە مانگی ئایار زیاتر لە 100 هەزار بەرمیل کەمیکردووە.

 

 بە پێی نووسینی میدیاکانی هەرێم ، حکومەتی عێراق داوایکردووە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس، هەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر لە 370 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە نەکات.

ئەو ناوەندە ئاماژە بەوە دەکات، لە مانگی ئایار هەرێمی کوردستان رۆژانە 368 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە، بەڵام لە مانگی حوزەیران بە رێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. 

جگە لە دابەزینی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوتی عێراق لە باشووری ئەو وڵاتە لە بەسرە دابەزیوە. هەر لە مانگی حوزەیران هەناردەی نەوتی عێراق رۆژانە لە 3.2 ملیۆن بەرمیل نەوتەوە بۆ 2.8 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە. 

سەرەڕای راپۆرتەکەی ئەو ناوەندەی بواری وزە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەک لە هەرێمی کوردستان یان عێراق ئەو زانیارییانەی پشتڕاستنەکردووەتەوە.

لە مانگی حوزەیران هەناردەکردنی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان 497 هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمیکردووە. هاوکات وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە، لەم مانگەدا هەناردەکردنی نەوتی سووک و قورسی بەسرە لە 3.1 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ 1.53 بەرمیل نەوت دابەزێنێت.

ئەمڕۆ شەممە نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بە 42 دۆلار و 82 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت و نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی رۆژئاوای تەکساسیش بە 40 دۆلار و 32 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت .