بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە زیندانەکانی هەرێم، داوای لێبوردن و مۆڵەتی درێژخایەن بۆ زیندانیان دەکرێت
لە یاداشتێکدا کە ئاراستەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کردووە، ڕێکخراوی دیداری ئاشتی بۆ مافی مرۆڤ داوای لێبوردن و مۆڵەتی درێژخایەن بۆ زیندانیان دەکات.
بە پێی هەواڵێکی " خەندان " ، لەو یاداشتەدا هاتووە،"پاش ئەوەی وەکو ڕێکخراوی دیداری ئاشتی بۆ مافی مرۆڤ ڕۆژانە چاودێری ڕەوشی زیندانیانمان کردووە، بەداخەوە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ناو زیندانیان بڵابۆتەوە و مەترسی و دڵەڕاوکێ خستۆتە نێو زیندانیان و کەسوکارەکانیان".
ئەو ڕێکخراوە دەشڵێت،"داواکارین لێتان کاری ئەم لێژنەیەی لە لایەن سەرۆکی حکومەتە پێکھات بۆ لێبوردنی تایبەت بە زیندانیان خێرا بکرێت و ھەرچی زووە بخرێتە بواری جێبەجێکردن و یاسای تایبەتیش بە بەکارھێنەرانی ماددەی ھۆشبەر بخرێتە بواری جێبەجێکردن بۆ ھەرچی زوو ڕێگریکردن لە کارەسات لە زیندانەکان بەھۆی زۆربونی ڤایرسی کۆڕۆنا.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، لە ئێستادا 27 سزادراو لە چاکسازی گەورانی سلێمانی هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان، بەڵام دۆخی تەندروستی سەرجەمیان جێگیرە و دڵنیایی دەدەن بە کەسوکاریان و کە هەموو شتێکیان بۆ کراوە و چاودێری ورد دەکرێن.