نیسان 19, 2021 15:35 Asia/Tehran
  • پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق دیاریکرا

پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق دیاریکرا کە بڕی 11 تریلیۆن و 482 ملیار دینارە، ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، کۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بەبێ لێبڕین و هەمو مانگێک لە کاتی خۆیدا 895 ملیار دینارە، واتا بەس لەو پارەی بەغدا دەینێرێت، 62 ملیار دینارێک دەمێنێتەوە.

بە پێی ھەواڵی بڵاوکراوەی میدیای خەندان ، فازڵ نەبی، بریکاری پێشوتری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، پشکی هەرێمی کوردستان بە 11 تریلیۆن و 482 ملیار دینار دانراوە، هەشت تریلیۆن و 161 ملیار بۆ خەرجی دانراوە، لەگەڵ سێ تریلیۆن و 271 ملیار و 384 ملیۆن دینار بۆ وەبەرهێنان و 50 ملیۆن دیناری دیکەش وەک زیادە دەچێتە سەر ئەو بڕە، هاوکات 923 ملیار و 434 ملیۆن و 626 هەزار دینار وەکو  نەفەقاتی حاکیمە دانراوە.

لای خۆیەوە مژدە مەحمود، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاویکردەوە، ئەم بودجەیە بۆ 12 مانگە، واتا بۆ هەر مانگێک 957 ملیار دینار دەکات، کۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بەبێ لێبڕین و هەمو مانگێک لە کاتی خۆیدا 895 ملیار دینارە، واتا بەس لەو پارەی بەغدا دەینێرێت، 62 ملیار دینارێک دەمێنێتەوە کە تەواوی موچەی بەبێ لێبڕین لێبدەن.

 ئاماژەی بەوەشکردوە، لەگەڵ ئەوەش نیوەی داهاتی ناوخۆو نەوت و پارەی هاوپەیمانانیش دەمێنێتەوە، هەروەها نرخی دۆلاریش کە بەرزبوەتەوە، بۆیە پێویستە لەم مانگەوە حکومەتی هەرێم بەبێ لێبڕین موچە دابەش بکات و ژیانی خەڵک باش بکات، چونکە هیچ بیانویەک نەماوە بۆ لێبڕینی موچە، "ئەگەرنا نەبەلای ئێمەوە و بەلای خەڵکی کوردستانیشەوە جێگای قبوڵ کردن نیە".

سەرپەیڤ