ئاب 03, 2021 20:40 Asia/Tehran
  • پەیامی «مەسعود بارزانی» لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان

«مەسعود بارزانی» سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لە دلایەن تیرۆریستانی داعشەوە پەیامێکی بڵاو کردووەتەوەو تیای دا ڕایگەیاندووە: ئەوەی تیرۆریستانی دژ بە خوشک و برا ئێزیدییەکانمان ئەنجامیان دا، ئازارێکە کە قەت لە یاد ناچێتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانەوە، لە پەیامەکەی «مەسعود بارزانی»  سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دا ھاتووە: شنگال برینێکی قووڵە لەسەر جەستەی کوردستان و ئەوەی تیرۆریستانی داعش حەوت ساڵ بەر لە ئێستە لە دژی خوشک و برا ئێزیدییەکانمان ئەنجامیان دا، ئازارێکە کە قەت لە بیر ناچێتەوە.  

 سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی لەوەش کردووەتەوە، لە حەوتەمین ساڵوەگەڕی ئەو کارەساتەدا، سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە دەنێرین، بە ڕێز و شکۆوە یادی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەکەینەوە کە بۆ ئازادکردنی چیای شنگال و شاری شنگال خوێنیان بەخشی و سەری داعشی دڕندەیان خستە ژێر پێی خوشک و برا ئێزیدییەکانمان و تۆڵەی ئەو ناهەقی و زوڵمەیان لە تیرۆریستان کردەوە.

«مەسعود بارزانی» وێڕای ئاماژە کردن بەوەی کە،  بە داخەوە دوای تێپەڕینی حەوت ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا، هێشتا ئێش و ئازاری ئێزییدییەکان بەردەوامە، ڕاشیگەیاندووە: لە ئێستادا شنگال لە دەستی کۆمەڵێک هێز و چەکدارە کە هیچ پێوەندییان بە بەرژەوەندیی شنگال و ئێزیدییەکانەوە نییە. هەر ئەوانەش ڕێگر بوونە لە گەڕانەوەی خەڵک و ئاوەدانکردنەوەی شنگال.

«بارزانی» لە پەیامەکەی دا ھەروەھا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، بۆ خوشک و برایانی ئێزیدی ئەوە دووپات دەکەمەوە، بە هەموو توانایەک لەگەڵ داخواز و ئازارەکانیاندام. داواشیان لێ دەکەم لە ناوخۆیان یەکڕیز بن و ئومێدیان هەبێت و دڵنیاشیان دەکەمەوە هەر شتێک لەسەر بنەمای زوڵم و خۆسەپاندن بێت، دواجار هەر کۆتایی دێت، ئەو دۆخە نائاسایی و نایاساییەی ئێستە لە شنگالدا هەیە، تا سەر نابێت و دەبێ خوشک و برا ئێزیدییەکانمان بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

جێگای ئاماژەیە بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان لەو باوەڕەدان کە لە ئێستادا بوونی نایاسایی کۆمەڵێک لە چەکداران و لەوانە ھێزەکانی پەکەکە لە دەڤەری شنگال ڕێگرە لە بەردەم گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ئاسای بوونەوەی بارودۆخی ئەم ناوچەیە.