تشرینی یه‌که‌م 26, 2020 18:03 Asia/Tehran
  • سبەی په‌رله‌مانی ھەرێمی کوردستان کۆده‌بێته‌وه‌ و گفتوگۆ له‌سه‌ر وه‌ڵامه‌کانی حکومه‌ت ده‌کات

بڕیاره‌ سبەینێ سێشەممە په‌رله‌مانی کوردستان کۆببێته‌وه‌ و له‌ بڕگه‌یه‌کی دانیشتنه‌که‌یدا گفتوگۆ له‌سه‌ر پرساندن و وه‌ڵامه‌کانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی و وه‌زیری دارایی بکات.

بە پێی راپۆرتی میدیای وێستگە نیوز ، پەرمانی کوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا ئاشکرایکرد که‌ کاتژمێر 2ی پاشنیوه‌ڕی سبەی سێشەممە، 27ی تشرینی یەکەمی 2020 کۆبونه‌وه‌ی خۆی ساز ده‌کات و له‌کارنامه‌ی کۆبونه‌وه‌که‌شدا چه‌ند ته‌وه‌رێک باس ده‌کرێن.

دیارترین ته‌وه‌ری کۆبونه‌وه‌که‌ی سبه‌ینێی په‌رله‌مانی کوردستان گفتوگۆکردنه‌ له‌سه‌ر پرساندن و وه‌ڵامه‌کانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی و وه‌زیری دارایی و ئابووری که‌ له‌ ماوه‌ی رابردودا وه‌ک تیمی حکومه‌ت سه‌ردانی په‌رله‌مانیان کرد.

تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەش تایبەتە بە خوێندنه‌وه‌ی یه‌که‌م بۆ پێشنیازی یاسای پاراستنی تۆڕو بنچینه‌کانی ئاوو ئاوه‌ڕۆ و پێشنیازی یاسای به‌رێوه‌بردن و پاراستنی ئاو له‌ هه‌رێمی کوردستان.

هه‌رلە دانیشتنەکەی سبه‌ینێدا عومەر عەبدوڵا فەتاح وەک ئەندامی پەرلەمان له ‌لیژنه‌ی دارایی و کاروباری ئابووری به‌پێی حوکمی مادده‌کانی (28، 34) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی کوردستان دادەنرێت.

رۆژی دووشه‌ممه‌ 5ی تشرینی یه‌که‌می 2020، بە ئامادەبوونی مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆکی حکومه‌ت و چەند وەزیرێک، پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا سه‌رۆکی حکومه‌ت و جێگره‌که‌ی رونکردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر چه‌ندین پرسی تایبه‌ت به‌ دۆخی هه‌رێمی کوردستان و عیراق دا و په‌رله‌مانتارانیش سه‌رج و پرسیاره‌کانیان ئاراسته‌ی تیمی حکومه‌ت کرد.

 

سەرپەیڤ

بۆچوونت