هۆشداری دەدرێتە کازمی سەبارەت بە هەڕەشەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر شەنگال
لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 23ی کانونی دووەم پەیامێکی ئاڕاستەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و هۆشداری دەدات لە لێدوانەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە هێرشکردنەسەر شەنگال.
میدیا عێراقییەکان لە زاری، موختار موسەوی، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراقەوە بڵاویکردەوە، “ئەنجامدانی هەر هێرشێکی سەربازی بۆ سەر خاکی عێراق لەلایەن هەر وڵاتێکی بیانییەوە، دەستێوەردانی سەروەریی عێراقە و ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەخاتە مەترسییەوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر سەرۆکوەزیرانە لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا سنورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانەی تورکیا دابنێت لەبری ئەوەی سەردانێکی پرۆتۆکۆلی بکات بەبێ هیچ ئەنجامێکی بەرجەستە لە واقیعدا.
دەشڵێت، “هەر کردەیەکی سەربازیی تورکیا لە خاکی عێراقدا، ئەنجامی نەرێنی دەبێت لەسەر دۆخی عێراق لە ماوەی داهاتوودا چ نزیک یان دوور، هەروەها دەرگای دەستێوەردانە دەرەکییەکان بۆ وڵاتانی دیکەش دەکاتەوە”.
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ هەینی، ڕەجەب تەیب ئەدۆغان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “لەوانەیە شەوێک لەپڕ دەچینە شەنگال”.