سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: مامەڵەکردنی راستەوخۆ لەگەڵ بەغدا قابیلی گفتوگۆیە
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جەختیکردەوە، پرسی مامەڵەکردنی راستەوخۆ لەگەڵ بەغداو تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێم بەهۆی دواکەوتنی موچەو پاشەکەوتەوە، قابیلی گفتوگۆیەو بەراوێژی فراکسیۆنەکانی دیکە یەکلایی دەکرێتەوە.
ئەو هەڵوێستەش دوای ئەوەهات، رۆژی یەکشەممە هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراکسیۆنی گۆڕان لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبووەوە بۆ گەیاندنی چەند پێشنیارێک لەنێویاندا، تۆمارکردنی سکاڵا دژی حکومەتی هەرێمو مامەڵەکردنی راستەوخۆی پارێزگاکەو بەغدا بۆ چارەسەریی کێشە داراییەکان.ئازاد محەمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندووە: ئەوان داواکاریەکانی هۆشیار عەبدوڵایان وەرگرتوە، بەڵام ئەو پرسە بەراوێژ لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەن و فراکسیۆنەکان یەکلادەکەنەوە.ئەوەشی خستەڕوو، ئەو پرسە قابیلی گفتوگۆیەو ئەوان هەوڵ دەدەن راوێژ بە سەرۆک فراکسیۆنەکان و ئەندامانی تری ئەنجومەن بکەن تا بزانن لەبارەیەوە چ بریارێک بدەن و چۆن بریار بدەن.
هەروەها جەختیکردەوە کە ئەوە پرسێکی سیاسیە و ھەم بۆ یەکێتی و گۆڕان و لایەنەکانی تریش پێویستە لایەنەکان یەکلای بکەنەوە کە چیبکرێت.بەپێی راگەیەندراوێکی پەرلەمانتارەکەی گۆڕان داوا لەسەرۆکایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کردووە سکاڵای یاسای لەسەر حکومەتی هەرێم تۆماربکەن لەدادگای ئیتیحادی عیراق، بەئامانجی ئەوەی موچە فەوتاوەکانی فەرمانبەران بەشێوەیەکی یاسایی بکرێنە ماڵ لەسەر حکومەت.ئەوەش دوای ئەوەدێت، دوێنێ شەممە ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پشتیوانی بۆ داوای مامۆستایانی خۆپیشاندەر دەربڕییو پڕۆژەیەکی سێ فراکسیۆنی کوردی (گۆڕان، یەکێتیو کۆمەڵ) لەپەرلەمانی عیراق ئاشکراکرد بۆ چارەسەرکردنی پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.بەپێی پڕۆژەکە لەیاسای بودجەی عیراقدا بڕگەیەک زیاد دەکرێتو تیایدا جەختدەکرێتەوە لەوەی ئەگەر حکومەتی عیراق رەزامەندی نیشاندا لەسەر پێدانی موچەی فەرمانبەرانو چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام هەرێم ئامادەنەبوو نەوتی رادەستبکات، ئەوکات داوا لەحکومەتی عیراق دەکرێت راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ هەر پارێزگایەکدا بکاتو موچەی فەرمانبەرانی دابین بکات، لەبەرامبەردا داهاتی پارێزگاکان بچێتەوە ناوەند.پڕۆژەکە کە پێویستی بەپشتیوانی فراکسیۆنەکانی تر هەیە تا دەنگی پێویست بهێنێت لەناو یاسای بودجەدا، لەحاڵەتێکدا کاری پێدەکرێت کە رێککەوتنی ساڵی 2014ی هەرێمو ناوەند لەسەر هەناردەی نەوتو بودجەی فەرمانبەرانی هەرێم جێبەجێنەکرێتو هەرێم پێوەی پابەندنەبێت.بەپێی رێککەوتنی ساڵی 2014، دەبێت حکومەتی هەرێم رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، لەبەرامبەردا بەغدا پشکی سەدا 17ی بودجەی هەرێم رەوانە دەکات، بەڵام ئەو رێککەوتنە دوو ساڵە جێبەجێنەکراوە.ئەو هەوڵە لەکاتێکدایە کە تادێت ناڕەزاییەکانی هەرێم فراوانتر دەبن، دژی دواکەوتنو کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمو بەهۆیەوە لەهەردوو پارێزگای سلێمانیو هەڵەبجەو قەزای کۆیەی سەر بەپارێزگای هەولێر خوێندن پەکی خراوە.
ئەوە لە کاتێک دایە کە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بە توندی نەیارەتی نیشان داوە لە گەڵ مامەڵەی راستەوخۆی پارێزگاکان لە گەڵ حکومەتی ناوەندیی بەغدا .