وادەکەی مامۆستایان بۆ حکومەت کۆتایی هات و کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن
مامۆستایانی سلێمانی بەردەوامن لە بایکۆت، ئەمڕۆش لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەو وادەیەی بۆ وەڵام دانەوەی داواکارییەکانیان دایاننابوو، جارێکی دیکە کۆبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.
بە پێی ڕاپۆرتی باس نیوز؛ دوای ئەوەی بەر لە 10 رۆژ مامۆستایانی ناڕازی یاداشتێکیان دایە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری کێشەکانیان، ئەمرو پێنج شەممه ـیان دانابوو وەکو دوا وادە، ئەگەر کێشەکانیان چارەسەر نەکرێت، جارێکی دیکە دەست بە کۆبوونەوە و خۆپێشاندان بکەنەوە.
هەر بۆیە مامۆستایانی ناڕازی بڕیاریان داوە ئەمڕۆش بێنەوە سەر شەقامەکان، لە بەردەم پەروەردەی رۆژئاوا دەست بە خۆپیشاندان بکەنەوە.
مامۆستایانی ناڕازی بڕیاریان داوە بچنە بەردەم دادگای سلێمانی، وەکو ئەوان ئاماژەی پێدەدەن، یاداشتێکی دیکەیان دەبێت و داواکاری نوێی تێدایە، دەگوترێت ئەمڕۆ جۆری خۆپێشاندانەکەیان دەگۆڕدرێت و ناڕەزایەتییەکانیان پێ دەنێتە قۆناخێکی دیکەوە.