دیداری نێچیرڤان بارزانی له گەڵ باڵیۆزی ئوسترالیا، لە عێراق
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i266980-دیداری_نێچیرڤان_بارزانی_له_گەڵ_باڵیۆزی_ئوسترالیا_لە_عێراق
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستانی ئیراق ، پێشوازی کرد لە کریسیتۆفەر لانگمان باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
کانونی یه‌که‌م 01, 2016 13:14 Asia/Tehran
  • دیداری  نێچیرڤان بارزانی له گەڵ  باڵیۆزی  ئوسترالیا، لە عێراق

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستانی ئیراق ، پێشوازی کرد لە کریسیتۆفەر لانگمان باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق.

لەم دیدارەدا لانگمان، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردان و ئارامی، ئاسایش و پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستان دەربڕی و جەختی لەوەش کردەوە کە حکوومەتی ئوسترالیا بە بایەخەوە سەیری پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکات و ستایشی ڕۆڵ و قوربانیدانی خەڵک و حکوومەت و پێشمەرگەی لە بەرنگاربوونەوەی تیرۆر، پاراستنی پێکھاتە جیاوازەکان، حەواندنەوە و دابینکردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر، کرد.

دواتر پوختەیەکی دەربارەی ڕۆڵی وڵاتەکەی لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش خستەڕوو، ھەروەھا دەشتخۆشی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق کرد بۆ ھەنگاوەکانی لە بواری چاکسازی و پەرەپێدان و گرنگیدان بە مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی مافی ئافرەتان و ھێنانەکایەی کۆمەڵگەیەکی سەقامگیر لەم ناوچەیەدا.

ھاوکات، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستانی عێراقیش سوپاسی ئەو سەردانە و ڕۆڵی ئوسترالیا لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و پاڵپشتیی بەردەوامیان بۆ ھەرێمی کوردستان کرد، کە پشتیوانیی ھاوپەیمانان ھۆکارێکی سەرکەوتنی پێشمەرگە بەسەر تیرۆریستانی داعشدا بووە، ھەروەھا ئاماژەی بە ئاستی باشی ھاوکاری و ھەماھەنگیی سەربازیی نێوان ھەولێر و بەغدا کرد لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە مووسڵ و دەوروبەری.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکردنەوەی مووسڵ و ڕەھەندەکانی کرا و ھەردوولا ھاوڕا بوون کە پێویستە لەپاڵ سەرکەوتنی سەربازی، لە لایەنی سیاسیشەوە پێشکەوتنی باش بەدەست بھێنرێت، بەتایبەتی بۆ قۆناغی دوای ئازادکرنەوەی مووسڵ، پلانی باش و سەرکەوتوو بۆ سەقامگیریی ئاسایش و ئاوەدانکرنەوەی ناوچەکە و گەڕاندنەوەی متمانە و دووبارە نەبوونەوەی ئەو کارەساتانەی لەلایەن تیرۆریستانەوە بەسەر ناوچەکەدا ھێنراون، دابڕێژرێت.