عەلی باپیر: دەبێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i274207-عەلی_باپیر_دەبێت_پەرلەمان_کارا_بکرێتەوە
عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە پەرلەمان کارا بکرێتەوە تاوەکوو هەموو شتەکانی تر ئاسایی ببنەوە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
کانونی دوھەم 09, 2017 14:32 Asia/Tehran
  • عەلی باپیر: دەبێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە

عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە پەرلەمان کارا بکرێتەوە تاوەکوو هەموو شتەکانی تر ئاسایی ببنەوە.

بە پێی هەواڵی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی شارپرێس، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان دەڵێت میوانی دەرەوەی زۆرمان دێت کە پێیان سەیرە پەرلەمان بەدەستی خۆمان پەکخراوە.

عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند کە ئەو پێشنیارەی کردوە کە بارزانی بە سەرۆکی پەرلەمان بڵێت بچێتەوە سەر کارەکەی خۆی لەپەرلەمانی کوردستان.

هەروەها عەلی باپیر جەخت لەوە دەکاتەوە پێویستە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە، چونکە بەبڕوای ئەو کە پەرلەمان کارا بکرێتەوە هەموو شتەکانی  تر ئاسایی دەبنەوە.

عەلی باپیر دەشڵێت: "نابێت کێشەکانی ناوخۆی خۆمان بەرینە دەرەوەو خەڵکیش سەرقاڵ بکەین بەو کێشانەوە تا سەرنجی خەڵک لەسەر کێشەکان لابچێت، بۆیە بەشێک لە هەڕەشە دەرەکییەکان وەهم ‌و دروستکراون".

سەبارەت بە مەترسییە دەرەکییەکان لەسەر هەرێم‌و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند: "کورد خۆی ئامادە نەکردووە بۆ ئەو گۆڕانکاری‌ و مەترسییانەی رووبەرووی کورد دەبنەوە، چونکە پارتی وەکو پارتی سیاسەت دەکات‌و یەکێتیش وەکو یەکێتی‌و گۆڕانیش وەکو گۆڕان سیاسەت دەکەن، بۆیە هەر کاتێک مەترسیە دەرەکییەکان روویاندا ئەو کاتە ئەو لایەنە سیاسیانە بەپێی سیاسەتی خۆیان رووبەرووی مەترسییەکان ببنەوە، چونکە پەرش‌ و بڵاوین".