لە هەرێمی کوردستان 232 هەزار مووچە خۆری خانەنشینکراو هەن
لە هەرێمی کوردستان 232 هەزار مووچەخۆری خانەنشینکراو هەن کە هەندێکیان بە "نایاسایی" خانەنشین کراون ، بەرپرسی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی کوردستان دەڵێ "ئەگەر چاکسازی لە لیستی خانەنشیناندا بکرێ، 70%ی پاشەکەوتی مووچە چارەسەر دەبێ".
بهپێی ههواڵی کوردپرێس بهگێڕانهوه له تهلهڤزیۆنی رووداو، ئاراس خۆشناو، بەرپرسی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی کوردستان گوتی "لە هەرێمی کوردستان 232 هەزار مووچەخۆری خانەنشینکراو هەن، بەڵام هەموویان شایستەی ئەوە نین مووچەی خانەنشینی وەربگرن، تەنیا 70 هەزار کەس شایستەن ئەو مووچەیە وەربگرن. بۆیە نزیکەی دوو لەسەر سێی سەرجەم مووچەخۆرانی خانەنشینکراو شایانی پێداچوونەوەن بە مووچەکانیاندا".
ئاراس خۆشناو ژمارەی ئەو خانەنشینانەی ئاشکرا کرد کە بە گوتەی ئەو شایستەی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی نین "160 هەزار کەس خانەنشینی ناشایستەن کە 100 هەزاریان سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانن، 60 هەزاریشیان سەر بە پارتی و حیزبەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانن".
سەبارەت بە چۆنیەتی خانەنشینکردنی ئەو کەسانە، ئاراس خۆشناو دەڵێت "بەشێکی خانەنشینەکان بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی دەگەڕێتەوە، زۆربەی خانەنشینەکانی یەکێتی بە واژۆی د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک وەزیرانی پێشووی حکوومەت، عومەر فەتاح، سەرۆکی حکوومەت لە ئیدارەی سلێمانی و عیماد ئەحمەد، جێگری پێشووی سەرۆک وەزیران کراون. خانەنشینەکانی پارتیش بە واژۆی نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی کراون" بە گوتەی ئاراس، مانگانە 109 ملیار دینار دەدرێتە خانەنشینان. ناوبراو دەڵێت "ئەگەر چاکسازی لە لیستی خانەنشیناندا بکرێ و ئەوانەی بە ناشایستەیی مووچە وەردەگرن لە لیستەکەدا دەربهێنرێن، ئەوا 70%ی کێشەی پاشەکەوتی مووچە چارەسەر دەکرێ".