وتەبێژى فەرمى ئەنجومەنى وەزیرانى ئێراق: بەغدا و هەولێر لەسەر ئاسایشی شەنگال ڕێککەوتن
سەعد حەدیسی ڕایگەیاند: حکومەتى ناوەند و هەرێم ڕێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی هێزێکى هاوبەش بۆ پاراستنى ئاسایشی شەنگال و دەوروبەرى.
بە پێێ هەواڵی کوردپرێس بە گێڕانەوەی NRT ، سەعد حەدیسی وتەبێژى فەرمى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، لە یەکێک لە بەندەکانى ڕێککەوتنى نێوان عێراق و تورکیا ئاماژە بەوەکراوە، "هەردوو لا ڕێگە نادەن هیچ گروپێکى تیرۆرستى لە سنوورەکەیاندا ببێتە مەترسی بۆ سەر خاکەکەیان".
سەعد حەدیسی وتیشی: لەو پێناوەشدا بەغدا و هەولێر ڕێککەوتوون لەسەر دروستکردنى هێزێکی هاوبەش لە سوپاى عێراق و پێشمەرگە بۆ پاراستنى ئاسایشی شەنگال و دەوروبەرى.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ئێستادا هێزێکى سەربە پارتى کرێکارانى کوردستان پەکەکە لە ناوچەى شەنگالدان و لە ماوەى ڕابردوودا سەرۆکى حکومەتى هەرێم و تورکیا و ئەمەریکاش داوایان کرد ئەو هێزەى پەکەکە لەو ناوچانە بکشێنەوە.
لە بەرامبەردا پەکەکە ڕایگەیاند، ئێمە بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر دەکەین، بەڵام زمانى هەڕەشە لەکەس قبوڵناکەین و ئامادەى بەربەرچدانەوەى هەرهێرشێکین بکرێتە سەرمان.