ئێران نیو ملیار دۆلار لەسلێمانی دەخاتەگەڕ
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i276469-ئێران_نیو_ملیار_دۆلار_لەسلێمانی_دەخاتەگەڕ
کۆماری ئیسلامیی ئێران وەبەرھێنان لەبواری کشتوکاڵ لەسنووری پارێزگای سلێمانی دەکات و بودجەیەکی زۆریش بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەکات، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانیش وردەکاریی پڕۆژەکە دەخاتەڕوو و رایدەگەیەنێت: بەشێوەیەکی مەبدەئی رەزامەندی لەسەر دراوەو چاوەڕوانین بەفەرمی ئێران پڕۆژەکە پێشکەش بکات.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
کانونی دوھەم 21, 2017 13:59 Asia/Tehran
  • ئێران نیو ملیار دۆلار لەسلێمانی دەخاتەگەڕ

کۆماری ئیسلامیی ئێران وەبەرھێنان لەبواری کشتوکاڵ لەسنووری پارێزگای سلێمانی دەکات و بودجەیەکی زۆریش بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەکات، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانیش وردەکاریی پڕۆژەکە دەخاتەڕوو و رایدەگەیەنێت: بەشێوەیەکی مەبدەئی رەزامەندی لەسەر دراوەو چاوەڕوانین بەفەرمی ئێران پڕۆژەکە پێشکەش بکات.

به‌ پێی هه‌واڵی کوردپرێس به‌ گێڕانه‌وه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی SNN، لەماوەی رابردوودا وەفدێکی وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران بەسەرۆکایەتی بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی ئەو وڵاتە، سەردانی پارێزگای سلێمانی کرد و پڕۆژەیەکی پێشکەشکرد بەخستنەگەڕی سەرمایەی (٥٠٠) ملیۆن دۆلار لەبواری کشتوکاڵی ناوچەکە.

شاڵاو جەمال بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی رایگەیاند: پڕۆژەکەی دەوڵەتی ئێران، پڕۆژەیەکی زانستی و ھەمەلایەنە و پێویستی بە(١٢٠) ھەزار دۆنمە ، دابچێنرێت.

روونیشیکردەوە، پڕۆژەکە لەڕێگەی کۆمپانیای تایبەتەوە جێبەجێدەکرێت، کۆمپانیاکە زەوی لەجوتیاران وەردەگرێت و خۆی بەروبوومی کشتوکاڵی تێدا دەچێنێت و بازاڕی فرۆشتنیش بۆ بەرھەمەکە دەدۆزێتەوە و ئەگەر جوتیارەکەش کار لەزەوییەکەدا بکات، پارەی پێدەدرێت.

وتیشی: "بەگوێرەی پڕۆژەکە حکومەتی ئێران بڕی (٥٠٠) ملیۆن دۆلار سەرمایە دەخاتەگەڕ و بەپێی گرێبەستێک کە لەنێوان کۆمپانیاکە و جوتیارەکاندا دەکرێت ھەریەکەیان بەڕێژەیەک پشکیان دەبێت، بەڵام ھیچ پشکێک بۆ حکومەتی ھەرێم نابێت".

سەبارەت بەڕەزامەندی وەزارەتی کشتوکاڵ لەسەر جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەی حکومەتی ئێران لەپارێزگای سلێمانی، شاڵاو جەمال وتی: "پڕۆژەکە کارێکی باشە، بەڵام پێویستی بەدیراسە ھەیە، لەئێستادا بەشێوەیەکی مەبدەئی رەزامەندی لەسەر دراوە و داوا لەحکومەتی ئێران کراوە، پڕۆژەکە بەشێوەیەکی فەرمی پێشکەش بکات.