دیداری نێچیرڤان بارزانی و وەزیری بەرەڤانیی ئیتالیا
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ڕۆبێرتا پینۆتی، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسیی هاوڕێی کرد کە لە سوپاسالار و باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و کونسوڵی ئیتاڵیا لە ھەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە پلەدارانی سەربازیی ئەو وڵاتە، پێکھاتبوو.
لەم دیدارەدا سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بنەبڕکردنی تیرۆر، ئێستا ھەماھەنگییەکی زۆر باش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا ھەیە.
لای خۆیەوە، نیچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان سپاسی ئەو سەردانە و حکوومەتی ئیتاڵیای کرد بۆ ئەو ھاوکارییە مرۆیی و سەربازییەی لە سەرەتای ھێرش و مەترسییەکانی تیرۆر، پێشکەشی ھەرێمی کوردستانی کردووە، و ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئیتاڵیاشی بەرز نرخاند، ھەروەھا ھیوای خواست دوای ڕزگارکرانی ناوچەکە لە تیرۆر، ئەو ھاوکاری و ھەماھەنگییە هەر بەردەوام بێت.
وەزیری بەرگری ئیتاڵیا، ئاستی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئیتاڵیای بەرز نرخاند و باشتر کردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیشی دووپات کردەوە.
ھەروەھا خستنەڕووی سەردانە مەیدانییەکانی بۆ بنکەکانی مەشق و ڕاھێنان، ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوان پسپۆڕانی سەربازیی ئیتاڵیا وهێزی پێشمەرگە، ھاوکاریی وڵاتەکەیان لە پڕۆژەی نۆژەن کردنەوەی بەنداوی مووسڵدا و دوورخستنەوەی بەنداوەکە لە ھەر مەترسییەک، بەشێکی دیکەی ئاخاوتنی ئەو بەڕێزە بوو.
لە دیدارێکدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، پینۆتی، وەزیری بەرگری ئیتاڵیا خۆشحاڵی بە سێیەم سەردانی خۆی بۆ ھەرێمی کوردستان، دەربڕی و سپاسی خەڵک، حکوومەت و پێشمەرگەی کوردستانی کرد بۆ ئەو بەرگرییەی کە لە دژی تیرۆر کردوویانە، کە بۆتە جێگای ڕێز و پێزانینی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەروەها پشتگیریی وڵاتەکەیشی بۆ پێشمەرگە لە ڕووی مەشق و ڕاھێنان و ھاوکاریی سەربازی و چارەسەرکردنی پێشمەرگە بریندارەکانەوە، ڕاگەیاند.