سەرکردەی هێزی پێشمەرگە لە دەڤەری خازر ڕایگەیاند: پێشمەرگە ناچێتە نێو موسڵەوە
سەرهەنگ دیدەوان سەرکردەی هێزی پێشمەرگە لە دەڤەری خازر وتی: بەپێی ڕێککەوتنێک کە لەگەڵ سوپای عێراق کراوە هێزی پێشمەرگە لە هەڵمەتی سەر موسڵ دا ناچێتە نێو ئەم شارەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کوردپرێس،سەرهەنگ دیدەوان سەرکردەی هێزی پێشمەرگە لە دەڤەری خازر وێڕای ئاماژە کردن بە ڕۆڵی پێشمەرگە لە پێکدادانەکانی نێو شاری موسڵ پێی داگرت:بەپێی ڕێککەوتنێک کە لەگەڵ سوپای عێراق کراوە هێزی پێشمەرگە لە هەڵمەتی سەر موسڵ دا ناچێتە نێو ئەم شارەوە مەگەر ئەوەی کە لە لایەن سوپای عێراقەوە داوای لێ بکرێت.
ناوبراو وتیشی: بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی کە کراوەو لە سەر قسەی مەسعودبارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەو ناوچانەی کە ئێستاکە لەژێر دەستەڵاتی هێزی پێشمەرگەدایە لەژێر دەستیان دا دەمێنێتەوە.
سەرهەنگ دیدەوان سەرکردەی هێزی پێشمەرگە لە دەڤەری خازر لە بارەی پەیوەندیی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبیش دا وتی: هیچ ناکۆکییەک لە نێوان ئێمەو هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ئارادا نیە.
سەرکردەی هێزی پێشمەرگە لە دەڤەری خازر لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کە چارەنووسی هێزەکانی سەر بە پەکەکە لە شنگال بەچی دەبێت، وتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق وەزارەتی پێشمەرگەی هەیەو هەر هێزێکی چەکداریش بەدەر لە وەزارەتی پێشمەرگە بێت نایاسایە و نابێ هیچ هێزێکی بەدەر لە بازنەی وەزارەتی پێشمەرگە لەم ناوچەیەدا بمێنێتەوە.
ناوبراو وتیشی: بەپێی وتەکانی مەسعودبارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نابێ هیچ جۆرە تێکهەڵچوونێک لە نێوان هێزی کوردی لە شنگال دا ئەنجام بگرێت، بەڵام دیارە ئەوانەش دەبێ پێبەندی یاسا بن.