پێشنیاری کاربەدەستانی ناوچەی کوردستانی ئێراق بۆ بەغدا
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i313761-پێشنیاری_کاربەدەستانی_ناوچەی_کوردستانی_ئێراق_بۆ_بەغدا
کاربەدەستانی ناوچەی کوردستانی ئێراق، پێشوازییان کرد لە سەقامگیر بوونی هێزی هاوبەش لەگەڵ سوپای ئێراق لە سنوورەکانی تورکیا.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
تشرینی دووه‌م 03, 2017 07:40 Asia/Tehran
  • پێشنیاری کاربەدەستانی ناوچەی کوردستانی ئێراق بۆ بەغدا

کاربەدەستانی ناوچەی کوردستانی ئێراق، پێشوازییان کرد لە سەقامگیر بوونی هێزی هاوبەش لەگەڵ سوپای ئێراق لە سنوورەکانی تورکیا.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ کاربەدەستانی ناوچەی کوردستانی ئێراق ڕۆژی پێنجشەممە پێشنیاریان دا هێزی هاوبەشی ئەم ناوچەیە و سوپای ئێراق لە سنورەکانی تورکیا سەقامگیر ببێ؛ هاوپەیمانیی ئەمریکاییش لەم گەڵاڵەیە بەشدار بن بۆ ئەوەی ئەو کێشە و ناکۆکییانەی لە نێوان هەولێر و دەوڵەتی ناوەندیی ئێراق هاتۆتە ئاراوە ، کۆتایی بێ.

ئەم پێشنیارە پاش ئەوەی هاتە ئاراوە کە سوپای ئێراق هەڕەشەی کرد بێتوو کوردەکان هاوکاری نەکەن، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی خۆی دژ بە هێزی پێشمەرگە سەر لە نوێ دەست پێ دەکاتەوە.

بەغدا بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی ئێراقی تۆمەتبار کردووە بەوەی کە هەوڵ دەدەن پرۆسەی ڕادەست کردنی کۆنترۆڵی بنکە سەرسنوورییەکانی کوردستانی ئێراق بە هێزی ئێراقی بخەنە دواوە و ئەو دانوستانە دەکەنە هەلێک بۆ بەهێزتر کردنی پێگەی خۆیان.

پاش بەڕێوەچونی گشتپرسیی لە ناوچەی کوردستانی ئێراق، سوپای ئێراق بە فەرمانی "حەیدەر عەبادی" سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە ئۆپەراسیۆنێکی بۆ وەرگرتنەوەی ناوچە ناکۆکی لە سەرەکان  و ژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگە دەست پێ کرد و ئەم ناوچانە کەوتنەوە ژێر دەستی دەوڵەتی ناوەندیی ئێراق.

هەروەها لە پتر لە یەک هەفتە لەمەوبەرەوە هێزەکانی سوپای ئێراق و پێشمەرگەی کورد بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکان پێکەوە دانوستان دەکەن.

وێڕای نەیارەیتیی جیهانی و دەوڵەتی ناوەندیی ئێراق لەگەڵ بەڕێوەچوونی گشتپرسی لە ناوچەی کوردستانی ئێراق، کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان بە هۆی سوور و پێداگر بوونی مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێم، ئەم گشتپرسییەیان ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی سێپتەمبەر لە باکووری ئێراق بەڕێوە برد. ئەم گشتپرسییە لە ناوچەگەلێکی باکووری ئێراق لەوان پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، ناوچە ناکۆکی لە سەرەکان لەوان  کەرکووک و خانەقین بەڕێوەچوو.