هەولێر بەفەرمیی داوای دانوستان لەگەڵ بەغدای هێنایە ئاراوە
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەنامەیەکی فەرمی بۆسەرۆک وەزیرانی عێراق، خوازیاری دەسپێکرانی دانوستانەکان بوو بۆ چارەسەریی کێشەکانی نێوان بەغداو هەولێر.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فارس بەگێڕانەوە لە ماڵپەڕی کەناڵی ڕووداو؛ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەنامەیەکدا کە بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقی ناردووە، وتوویەتی؛ وەڵامدانەوەی دوولایەن لەڕێی پرێس کۆنفرانس، کارێکی شیاو نییەو پێویستە کێشەکان لەڕێی دانوستانەوە چارەسەر بکرێن.
لەهەمان کاتدا، ماڵپەڕی "العربی جدید" بەگێڕانەوە لە سەرچاوە ئاگادارەکان لە حکومەتی عێراق ڕایگەیاند: بەغدا بۆ دەسپێکردنی وتووێژە سیاسییەکان لەگەڵ هەولێر ، ژمارێک مەرجی داناوە کە ئەگەر لایەنی بەرامبەر قەبووڵی نەکا، دانوستان ناکرێ.
هەڵوەشاندنەوەی بەتەواوەتی ئەنجامەکانی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستانی عێراق، سپاردنی هەموو بازگە سنووریی و فڕۆکەخانەکانی ئەو هەرێمە بە حکومەتی ناوەندی و ڕادەست کردنی باج و داهاتی فرۆشی نەوت بە بەغدا ، لە مەرجە دیاریکراوەکانی حکومەتی عێراقە بۆ دەسپێکردنی دانوستان لەگەڵ هەولێر.
حکومەتی عێراق هەروەها ڕایگەیاندووە؛ هەموو کەسانی داواکراوی دەزگەی دادەوانیی عێراق لەهەرێمی کوردستانی ئەو وڵاتە دەبێ ڕادەستی حکومەتی ناوەندی بکرێن و هێزی پێشمەرگە پەیوەستی پێکهاتەی هێزە چەکدارەکان بێ.
تێکچوونی پەیوەندیی نێوان بەغداو هەولێر پاش ئەوە دەسپێبوو کە مەسعوود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە هەنگاوێکی یەکلایەنەدا، ٢٥ی سیپتەمبەری ڕابردوو، کۆپرسی جیابوونەوەی کوردستان لە عێراقی بەڕێوە برد.
بەغدا ئەو کارەی بەپێچەوانەی یاسای بنەڕەتی و یەکپارچەیی خاکی عێراق زانی و لەگەڵیدا نەیارەتی کرد.
جگە لە بەغدا، دراوسێکانی عێراق، ژمارێک دەم و دەزگەی ناوچەیی و جیهانی بۆ وێنە کۆمکاری عەرەب و ڕێکخراوی نەتەوەکانیش لەگەڵ ئەو ریفراندۆمەی هەرێمی کوردستان، نەیارەتیان کرد.