پێداگریی لەسەر درێژەی کۆنترۆڵکرانی کەرکووک لەلایەن سوپای عێراقەوە
هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵگەلێک لەسەر پێشڕەویی هێزەکانی پێشمەرگە بەرەو شاری کەرکووک، پارێزگاری کەرکووک جەختی کرد؛ ئاسایشی کەرکووک هەروا لەدەست سوپای عێراقدا دەمێنێتەوە.
هەندێ میدیای هەرێمی کوردستانی عێراق بەتایبەت میدیاکانی سەربە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین هەواڵیان لەبارەی پاشەکشەی هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە کەرکووک و پێشڕەویی هێزەکانی پێشمەرگە بەرەو کەرکووک بڵاو کردەوەو لەبارەی پەلاماری دووبارەی داعش بۆسەر ئەو ناوچەیە، ڕایان دەربڕی.
بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ دووشەممەی هەواڵدەریی ئیرنا، راکان جبوری پارێزگاری کاتیی کەرکووک لە دیمانەیەکی میدیایی ڕایگەیاند: هەواڵە بڵاوکراوەکان لەمەڕ سپاردنی دۆسییەی ئاسایشیی کەرکووک بە هەندێ هێز درۆ بووەو بوونی هەرچەشنە هەڕەشەو مەترسیی لەدژ کەرکووک ڕاست نییە.
هێزەکانی سوپای عێراق کۆنترۆڵی شاری کەرکووکیان لە١٦ی ئۆکتۆبری٢٠١٧ کە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵ و چاودێری هێزەکانی پێشمەرگەدا بوو، گرتەدەست.
بەپێی هەواڵێکی دیکە، لەچوارچێوەی پەرەی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەزوویی شاندێک بەسەرۆکایەتی نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێری عێراق بەرەو پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا دەکەوێتە ڕێ هەتا ڕێگاکانی پەرەی هاوکارییە ئابوورییەکان، بخەنە بەرباس و لێکدانەوە.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی بەرپرسی گشتیی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە لە وتووێژ لەگەڵ میدیا کوردییەکانی عێراقی وتی: پاش سەفەری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران وهەروەها دەوری کارای ئێران لە عێراق و ناوچە، بەزوویی قۆناخی نوێی پەرەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەولێر وتاران دەس پێ دەکا.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق لەچەند مانگی ڕابردوو و لەپەیوەندییە جۆربەجۆرەکان بەپێداگری لەسەر پێویستیی هاوکاریی بەرامبەرلەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران خوازیاری گرینگیدانی دوولایەن بە پەرەی هاوکارییە ئابووری و بازرگانییەکان بوون.