لە شاری سلێمانی؛هاوکاری پزیشکی بۆ قوربانیانی عەفرین کۆدەکرێتەوە
لە سلێمانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ عەفرین کۆ دەکرێتەوە و داواش لە خاوەنی دەرمانخانە و کۆگاکانی دەرمان دەکرێت هاوکاری عەفرین بکەن.
به پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر له شارپرێس، لە بارەگای لقی سلێمانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی بە هەماهەنگی رێکخراوی مانگی سور و نوێنەرایەتی کانتۆنەکانی روژئاوای کوردستان بە مەبەستی کۆکردنەوەی دەرمان و پێداویستی پزیشکی کەمپێنێک راگەیەنرا.
به پێی ئهم ڕاپۆرته، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا، هاوژین عوسمان سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی رایگەیاند: لە ئێستادا بارودۆخی نەخۆشخانەکانی عەفرین خراپە و بەهۆی و زۆری بریندارەکانیشەوە دەرمان و پێداویستی پزیشکیان کەمبووهتەوە و لە هیچ شوێنێکی دنیاوە پشتگیری ناکرێن.
هاوژین عوسمان ئاماژەی دا: داوا لە سەرجەم خاوەن کۆگاکانی دەرمان و پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دەکەین بەدەرمان و پێداویستی پزیشکی هاوکاری کەمپینەکەمان بکەن.
هاوکات دوکتور جاویدان کەمال سەرۆکی کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان لە سلێمانی رایگەیاند: لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی بێدەنگییەک هەیە بەرانبەر ئەو تاوانانەی دژی مرۆڤایەتی لە عەفرین ئەنجام دەدرێن و پێدەچێت رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆمەڵکوژی گەورەتر لە عەفرین ئەنجام بدات، چونکە پیلانە سەربازییەکانی لە لایەن شەڕڤانانەوە شکستی هێناوە.
کەمپینەکە ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و تیایدا دەرمان و پێداویستی پزیشکی کۆ دەکرێتەوە و شوێنی کەمپینەکەش لە شەقامی پیرەمێردی سلێمانی دەبێت.