سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق: پەلاماری تورکیا بۆ سەر ھەرێم خەتای پەکەکەیە
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i344560-سەرۆکی_حکومەتی_ھەرێمی_کوردستانی_عێراق_پەلاماری_تورکیا_بۆ_سەر_ھەرێم_خەتای_پەکەکەیە
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند:خەڵکی کوردستان دەبێ ئەوە بزانن کە ئەو ھێرشانەی لە لایەن تورکیاوە دەکرێتە سەر ناوچەکانیان، خەتای پەکەکەیە .
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ته‌مووز 04, 2018 21:10 Asia/Tehran
  • سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق: پەلاماری تورکیا بۆ سەر ھەرێم خەتای پەکەکەیە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند:خەڵکی کوردستان دەبێ ئەوە بزانن کە ئەو ھێرشانەی لە لایەن تورکیاوە دەکرێتە سەر ناوچەکانیان، خەتای پەکەکەیە .

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاندووە: هۆکاری بۆردومان و هاتنی سوپای تورکیا بۆ ناوی خاکی هەرێم پەکەکەیە، بەو پێیەی کە پەکەکە بەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی داگیرکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی پی یو کەی میدیا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە دوێنێ چوارشەممە لەهەولێر بەڕێوەچوو، لەبارەی لەشکرکێشانی سوپای تورکیا بۆ ناوخاکی هەرێمی کوردستانی عێراق، وێڕای نیگەرانی دەربڕین لە زیان وێکەوتنی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئۆپراسیۆنی تورکیاوە ، پێی داگرت: دەبێت ئەو راستیە بزانرێت کە ئەو ئۆپراسیۆنانەی سوپای تورکیا بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بابەتێکی چاوەڕوان نەکراو نین چونکوو پەکەکە بەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی داگیرکردووەو لە ڕێگای ھەرێمی کوردستانەوە پەلاماری نێو خاکی تورکیا دەدات و دیارە لەم بوارەدا تورکیاش بێ کاردانەوە نابێت.

نێچیرڤان بارزانی وتووشیەتی: ئێمە دژی ئەوەین خاکی هەرێمی کوردستان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێی ئێمە  چ ئێران بێت و یان تورکیا بەکاربهێنرێت.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق پێی لە سەر ئەوەش داگرت کە: ھەتا ئێستا چەندین جار داوامان لەهێزەکانی نەیاری ئێرانی کردووە کە دەبێت سنورێک بۆ ئەو مەسەلەیە دابنرێ، داواشمان لە پەکەکە کردووە کە نابێت ببنە هۆکاری ئەوەی کە ئەو زیانانە بەر خەڵکی کوردستانی عێراق بکەوێت.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند:  خەڵکی کوردستان دەبێ ئەوە بزانن کە ئەو ھێرشانەی لە لایەن تورکیاوە دەکرێتە سەر ناوچەکانیان، خەتای پەکەکەیە و کاردانەوەی ئێرانیش لە وەڵامی ئەو لایەنە نەیارانەیە کە سود لەخاکی هەرێم وەردەگرن بۆ دزە کردنە نێو ئێران، دیارە ئەمەش ھیچ جۆرە ھاریکاری و داکۆکییەکی هەرێمی کوردستانی لە پشت نیە و بگرە ھەتا ئێستا چەندین جاریش داوامان لێکردوون لەخاکی هەرێمەوە بۆ کردەوەی دوژمنکارانەو سەربازی کەڵک وەرنەگرن.

جێگای ئاماژەیە سوپای تورکیا بەبیانوی بوونی ھێزەکانی  پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە بەردەوامی لەڕێی فڕۆکەو تۆپخانەکانیەوە خەریکی بۆردومانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقەو بەم هۆیەشەوە ھەتائێستا چەندین هاووڵاتیی کورد لەو ناوچانەدا بوونەتە قوربانی .