دامەزراندنی گەورەترین کونسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر پێوەندیی بە پلانی کوردەکانەوە نییە
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i344874-دامەزراندنی_گەورەترین_کونسووڵخانەی_ئەمریکا_لە_هەولێر_پێوەندیی_بە_پلانی_کوردەکانەوە_نییە
بەرپرسێکی پێشووی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا وتووێژێکی لەگەڵ کوردپرێس کردووە و تێیدا وتوویەتی مەبەست لە کردنەوەی گەورەترین کونسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر ئەوەیە وەکوو سەنتەرێکی ناوچەیی بۆ کاروباری سیاسی و سەربازیی ئەمریکا بەکار بهێنرێت و پێوەندیی بە مەسەلەی کوردەوە نییە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ته‌مووز 10, 2018 08:35 Asia/Tehran
  • دامەزراندنی گەورەترین کونسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر پێوەندیی بە پلانی کوردەکانەوە نییە

بەرپرسێکی پێشووی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا وتووێژێکی لەگەڵ کوردپرێس کردووە و تێیدا وتوویەتی مەبەست لە کردنەوەی گەورەترین کونسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر ئەوەیە وەکوو سەنتەرێکی ناوچەیی بۆ کاروباری سیاسی و سەربازیی ئەمریکا بەکار بهێنرێت و پێوەندیی بە مەسەلەی کوردەوە نییە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێش چەند ڕۆژ لە بەیاننامەیێکدا ڕایگەیاند پڕۆژەی کردنەوەی گەورەترین کونسووڵخانەی جیهانی لە هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان دەست پێکردووە. بڕیارە پڕۆژەکەش ساڵی 2020 بکرێتەوە.

ئەو کارەی ئەمریکا لە بەر ڕۆشنایی ئەو پشتگیرییانەی واشەنتۆن لە هێزی پێشمەرگە و چالاکیی بەرفراوانی کۆمپانیا گەورە ئەمریکییەکان لە هەرێمی کوردستان دەنگۆی ئەوەی ناوەتەوە کە ئەمریکا بە کردنەوەی گەورەترین کونسووڵخانەی خۆی لە هەولێر بەنیازە گرینگیی زیاتر بدات بە هەرێمی کوردستان لە چاو بەغدا و دەوڵەتی ناوەند .

بەڵام مایکڵ ڕووبین بەرپرسێکی پێشووی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کە ئێستا توێژەری پەیمانگای ئەمریکەن ئەنتەرپڕایزە لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردپرێسی وتووە خوێندنەوەیێکی تایبەتم نییە بۆ پڕۆژەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان.

ناوبراو زیادی کرد: بۆ نموونە ئەمریکا پێشتر گەورەترین کونسووڵخانەی خۆی لە وڵاتی میسر بنیات نا لە بەر ئەوەی ئەمریکا پێویستی بە جێگیر کردنی هێزی جۆربەجۆر لە هێزی ئەمنی و سیاسی وەکوو دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی)، پۆلیسی فیدراڵ و پەیمانگای بۆشایی ئاسمانی ئەو وڵاتە. ئەوەش لە وڵاتانی دیکە نەدەکرا بۆیە ڕووی لە میسر کرد.

مایکڵ ڕووبین لەبارەی ئامانجی ئەمریکا لە بنیاتنانی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئەوەشی بۆ کوردپرێس ڕوون کردەوە: ئامانجی ئەمریکا لەو پڕۆژەیە ئەوەیە ناوچەکە بکات بە سەنتەری چالاکییەکانی خۆی بۆ سەڵماندنی پێبەندبوونی بە مەسەلەی ئاسایش و ئەمنیەت لە عێراق و سووریا. بۆیە مەبەست لە پڕۆژەکە ئەوە نییە ئەمریکا بەدەم ئارەزووی حوکمڕانانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت پارتییەوە چووبێت.