بارزانی و مەک گۆرک پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیان لێک دایەوە
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i347558-بارزانی_و_مەک_گۆرک_پێکهێنانی_حکوومەتی_نوێی_عێراقیان_لێک_دایەوە
مەسعوود بارزانی و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانی شەڕی داعش، تاوتوێی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیان کرد و بارزانی جەختیکردەوە کە دەبێت لایەنە عێراقییەکان میکانیزمی روونیان هەبێت بۆ جێبەجێ کردنی شەراکەت و رێککەوتنەکان.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئاب 21, 2018 05:12 Asia/Tehran
  • بارزانی و مەک گۆرک پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیان لێک دایەوە

مەسعوود بارزانی و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانی شەڕی داعش، تاوتوێی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیان کرد و بارزانی جەختیکردەوە کە دەبێت لایەنە عێراقییەکان میکانیزمی روونیان هەبێت بۆ جێبەجێ کردنی شەراکەت و رێککەوتنەکان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رۆژی دووشەممە 20ی 8ی 2018 لە سەلاحەدین مەسعوود بارزانی پێشوازی لە برێت مەکگۆرک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانێتیی دژی داعش و شاندێکی یاوەری کرد کە پێک هاتبوون لە دۆگڵاس سیلیمان باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و ستیڤ فاگین کۆنسوڵی ئەمریکا لە هەولێر.

لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و گۆڕانکارییە مەیدانییەکانی شەڕی دژی داعش لە سووریا و رۆژئاوای عێراق ئاڵوگۆڕ کرا.

پرسی سەرەکی کۆبوونەوەکە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بوو و بەپێی هەواڵەکە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و هاوکێشە تازەکانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق کرا.

مەسعوود بارزانی لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق و مەرجی کورد بۆ بەشداریی لە حکوومەت، جەختی لەوە کردەوە کە: "ئەوەی بەلای لایەنە کوردستانییەکان ئەولەوییەتی هەیە رەچاوکردن و پابەندبوونی لایەنە عێراقییەکانە بە پرەنسیپی شەراکەتی حەقیقی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا و هەروەها بوونی گەرەنتی و میکانیزمی ڕوون بۆ جێبەجێ کردنی شەراکەت و رێککەوتنەکان".