جەببار یاوەر : هەزاران کیلۆمتر لەخاکی عێراق بەرەوڕووی بۆشایی ئاسایشییە
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بەئاماژە بەوەی کە هەزاران کیلۆمتر لە خاکی عێراق لە خانەقین هەتا شنگال، بەرەوڕووی بۆشایی ئاسایشییە، جەختی کرد لەسەر پێویستیی وتووێژی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیەو گرفتی ناوچە جێ ناکۆکەکان.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، "جەببار یاوەر" لە دیمانە لەگەڵ ماڵپەڕی خەنداندا ڕایگەیاند کە حکومەتی ناوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامە کە چارەسەریی گرفتی ناوچەکانی هێڵی تەماسی هێزی پێشمەرگەو هێزە عێراقییەکان، پێویستی بەهاواهەنگی و کردەوەی هاوبەشی نێوان دوولایەن هەیە.
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان وتی کە هەزاران کیلۆمتر لەخاکی عێراق لە خانەقین لە رۆژاوای ئەو وڵاتە هەتا شنگال لە رۆژهەڵاتی عێراق و لەناوچەکانی هێڵی تەماسی هێزی پێشمەرگەو هێزە عێراقییەکان، بەرەوڕووی بۆشایی جیددی ئاسایشییەو دەس وپێوەندییەکانی داعش و ترۆریستانی دیکە لەو بۆشاییە ئاسایشییە بۆ ئەنجامدانی هەوڵی ترۆریستی کەڵکیان وەرگرتووە و جم و جۆڵی ترۆریستی و هەڕەشەی ئاسایشی لەو ناوچانەو بەتایبەت پارێزگاکانی کەرکوک، سەلاحەدین و موسڵ، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووەو وامەزەندە دەکرێ کە دوو هەزار ترۆریستی داعشی لەو ناوچانە ئامادەبن.
ناوبراو پێی داگرت کە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ چارەسەریی ئەو بۆشاییە ئاسایشییەو هەروەها چارەسەریی گرفتەکانی کەرکووک و ناوچە جێ ناکۆکەکانی دیکەی عێراق، چاوەڕوانی سەفەری شاندێکی حکومەتی عێراقە بۆ هەرێم و وتووێژەکانی هەولێر و بەغدا لەوبارەوە.