فازڵ میرانی و عەلی باپیر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان ئاشکرا دەکەن
دوای کۆبوونەوەی نێوان شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی و عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.
بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس لە سەرەتای کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا عەلی باپیر رایگەیاند: "ھەموومان بەرامبەر وڵاتەکەمان بەرپرسیارین و کۆمەڵی ئیسلامی بەشێک دەبێت لە چارەسەریی کێشەکان.
ناوبراو وتیشی: ئێمە وەک کۆمەڵی ئیسلامی دەزانین کە پارتی مێژووییەکی دوور و درێژی ھەیە لە خەباتدا، ئێستاش جێگە و پێگەی بەرچاوی ھەیە.
عەلی باپیر، راشیگەیاند:ئومێد دەکەین لە ماوەیەکی کەمدا ھەموو ئەو کێشانەی کە ھەن چارەسەر بکرێن.
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقیش لەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا وتی: وەک پارتی دیموکراتی کوردستان بە رێنماییەکانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کار بۆ ئەوە دەکەین ئەوەی دوێنێ نەمانتوانیوە ئەمڕۆ بۆ جەماوەرەکەمان بیکەین".
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی ئەوەشی خستەڕوو: ھەموو لایەکمان لە ناو حکوومەت یان لە دەرەوەی حکوومەت دەتوانین خزمەتی خەڵکەکەمان بکەین.