لەسەر بانگهێشتی رووداو سەرۆکی پێشووی فەرەنسا گەیشتە هەولێر
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی پێشووی فەرەنسا لەسەر بانگهێشتی تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتە هەولێر و لەلایەن وەزیری ناوخۆ، پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی تۆڕی میدیایی رووداو پێشوازی لێکرا.
فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی پێشووی فەرەنسا لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداو بانگهێشتکراوە بۆ بەشداریی لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی جیهانی ساڵانەی شیفا گەردی، کە ئەمڕۆ لە ساڵیادی شەهیدبوونی دا دەدرێت بە ژنێکی رۆژنامەڤان.
ئۆلاند لەماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا دووجار سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد .
شیفا گەردی رۆژنامەڤانی دیاری تۆڕی میدیایی رووداو لە 25ی فێبریوەری ساڵی 2017 و لەکاتی کاری رۆژنامەڤانیدا لەشاری مووسڵ گیانی لەدەستدا .
وەک رێزلێنانێک بۆ گیانی هەموو ئەو رۆژنامەڤانانەی کە لەکاتی رووماڵی شەڕی داعش و تووندوتیژییەکانی دیکەدا گیانیان لەدەستداو ، کاری هەموو ئەوانەش کە لەکاتی رووماڵی رووداوەکان و گەیاندنی راستییەکاندا دووچاری سەختی دەبنەوە، رووداو بڕیاریداوە ساڵانە خەڵاتی جیهانی شیفا گەردی بداتە رۆژنامەڤانێکی ژن.