نێچیرڤان بارزانی: هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق بۆ بەرەوڕووبوونەوەی مەترسییەکان، هاواهەنگن
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کرد لەسەر بوونی هاواهەنگیی لەنێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراقدا بۆ بەرەوڕووبوونەوەی مەترسییەکان.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس؛ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سێ شەممە(حەوتی ڕەشەمە) لە دیدار لەگەڵ "فرانسوا ئۆلاند"ی سەرۆک کۆماری پێشووی فەڕانسە لە هەولێر ، ئاماژەی کردە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی عێراق و چارەسەریی بڕێک لە ناکۆکییەکان و کێشەی نێوانیان و جەختی کرد لەسەر داکۆکی و پاڵپشتی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی عادڵ عەبدولمەهدی و چارەسەریی کێشەکان لەڕێی دیالۆگ و وتووێژ.
ناوبراو سەبارەت بە مەترسیی سەرهەڵدانی دووبارەی داعش لە هەرێمی کوردستان و عێراق، وتی: مەترسیی دەرکەوتنەوەی داعش لەئارادایە، ئێستا لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و سوپای عێراق بەمەبەستی دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکان هاواهەنگی هەیەو هاوکات، هەولێر و بەغدا سەرقاڵی وتووێژن لەسەر بڕێک بابەتی دیکەو چارەسەریی کێشە هاوپێوەندەکان.
شیاوی ئاماژەیە، فرانسوا ئۆلەند، سەرۆک کۆماری پێشووی فەڕانسە رۆژی دووشەممەو لەسەر بانگهێشتنی تۆڕی میدیایی ڕووداو بۆ بەشداربوون لە ڕێوڕەسمی پێشکەش کرانی "خەڵاتی ساڵانەی شیفا گەردی" پەیامنێری کوژراوی کەناڵی ڕووداو گەیشتە هەولێر و وێڕای دیدار لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکرات، بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوو.