تاووتوێی پڕۆژەبڕیارت هەموارکراوی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی مافەوانیی پەرلەمان
کۆمیسیۆنی مافەوانیی پەرلەمانی کوردستانی عێراق، پڕۆژەبڕیاری پێشنیارکراوی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی پاش کۆتایی هاتنی تاووتوێکران، خستەبەردەست دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی، تاووتوێی پرۆژەبڕیاری پێشنیارکراوی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەن کۆمیسیۆنی مافەوانیی پەرلەمان کۆتایی پێهاتووەو لەلایەن کۆمیسیۆنەوە، بەفەرمی خرایەبەردەست دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان.
بەپێی ماددەی٩١ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دەستەی سەرۆکایەتی ئەرکمەندە پاش ئەوەی پڕۆژەبڕیارەکەی بەدەست گەیشت لە ماوەی پێنج رۆژ دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدانی یەکجاری و پەسەندکرانی پڕۆژەبڕیار، بەڕێوە ببات.
پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەدەسپێکی دامەزرانییەوە لە ساڵی٢٠٠٥ی زایینی، لە دەست پارتی دیموکراتی کوردستاندا بووەو مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەو پارتە هەتا ساڵی٢٠١٧ ئەو پۆستەی بەدەست بوو و بە وازهێنانی ناوبراو، پارتی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی(سەرۆکی ئێستای حکومەتی هەرێم)ی بۆ بەدەستەوەگرتنی ئەو پۆستە، کردووە بە بەربژێر.
ئێستا فراکسیۆنی پارتی دیموکرات لە پەرلەمانی کوردستان بۆ پەسەندکرانی ئەو پڕۆژە بڕیارە بە حەفتاو پێنج دەنگی پەرلەمانتاران هەوڵ دەداو ڕێبوار بابکەیی نوێنەری ئەو پارتە وتی کە بەسەرنجدان بەوەی کە پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، بابەتێکی نیشتمانی لە هەرێمدا دێتەئەژمار، ئەو پارتە دەیەوێ کە بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەند بکرێ.
لەلایەکی دیکەوە، فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بۆ تاووتوێی ئەو پرۆژە بڕیارە، ئامادەنەبوو، بەڵام بە بەشداربوون لە دووهەم دانیشتن خوازیاری زیادکرانی پۆستی جێگری دووهەم بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم بوو.