بودجەی ٤٠٠ ملوێن دیناریی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەستگەی ئێزدییەکان
شارەداری شێخان سەر بە پارێزگای نەینەوای ئێراق ڕایگەیاند کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی ٤٠٠ ملوێن دیناری تەرخان داوە بۆ بنیاتنانەوە و چێ کردنەوەی پەرستگەی لالش کە گەورەترین پەرستگەی ئایینی ئێزدییەکانە.
بە پێی راپۆرتی کوردپرێس؛ "خالد نەرمۆ" لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق (پارتی) ڕایگەیاند کە دەستەی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم، بڕی ٤٠٠ ملوێن دیناری تەرخان داوە بۆ بنیات نانەوە و چێ کردنەوەی پەرستگەی لالش لە شێخان وەکوو گەورەترین و گرینگترین پەرستگەی کوردە ئێزدەییەکان.
شارەداری شێخان سەر بە پارێزگای نەینەوای ئێراق وتیشی کە ئەو ٤٠٠ ملوێن دینارە تەرخان دراوە بۆ ساز کردنی جادە و ڕێگا و بان لە دەڤەری ئەو پەرستگەیە و هەروەها ژێرخانەکانی دابینکەری ئاوی پێویستی پەرستگەی لالش.
"خالد نەرمۆ" هەروەها ڕاشیگەیاند کە پێشتر و پێش پەلاماری داعش بۆ سەر پارێزگای نەینەوا، ١٥ ملوێن دیناریش بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی خەرجی بنیاتنانەوە وچێ کردنەوەی بینا و باڵاخانەی پەرستگەی لالش کرا، بەڵام ئەو پرۆژەی چێ کردنەوەیە بە هۆی پەلاماری داعش راگیردراوە و ئێستاکە ئێزدییەکان چاوەڕێی پێکهاتنی دەوڵەتی نوێی هەرێمی کوردستانن بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە خێراتر درێژەی پێ بدرێ و تۆکمە بکرێ.
پەرستگەی لالش لە باکووری شاری شێخاندا هەڵکەوتووە و گرینگترین بنکەی ئایینیی ئێزدییەکانە و کوردی ئێزدی لە سەرانسەری جیهانەوە دێن بۆ ئەو ناوچەیە بۆ عیبادەت و ڕاز و نیاز.
شاری شێخان لە ڕیزی ئو ناوچانەی سەر بە پارێزگای نەینەوایە کە لە نێوان هەولێر و بەغدا کێشەیان لە سەرە.