نێچیرڤان بارزانی: بەغدا دەبێ زیانبایی بدات بە بەجێماوانی کۆمەڵکوژیی ئەنفال
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سی و یەکەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژیی کوردان ناسراو بە "ئەنفال"، جەختی کرد لەسەر پێویستیی قەرەبووی خەسار و زیانەکان و درانی زیانبایی بە بەجێماوانی کوشت وبڕی ئەنفال لەلایەن حکومەتی ناوەندی عێراقەوە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی: قەربووی خەسارەکان و درانی زیانبایی بە قوربانیانی کوشتاری ئەنفال و ساڕێژکرانی بەرین و زامەکانیان دەبێ ئەولەویەتی سەرەکیی بەرنامەی کاری حکومەتی عێراق بێت.
ناوبراو لە بروسکەیەکی ڤیدیۆییدا بەبۆنەی ساڵوەگەڕی کارەساتی کۆمەڵکوژیی ئەنفال، وتی: سیاسەتی ڕەگەزپەرستانی رژیمی بەعس لەهەمبەر گەلی ئێمەدا، جگە لە کاولکاریی و غەدر و ستەم و سەپاندنی دەسەڵاتی شەیتانیی حکومەتی عێراق بە چەکی قورس و گازی کوشەندەو مەرگهێن و کیمیابارانی کوردستان کۆتایی هێنا بە ژیانی زیاتر لە١٨٠هەزار کەسی بێتاوان.
بارزانی لەدرێژەی پەیامەکەیدا جەختی کرد: لەهەلومەرجی ئێستادا، گەلی کوردستان وێڕای بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم بۆ بەرزڕاگرتنی ساڵوەگەڕی کوشتاری ئەنفال دەبێ هاوکار بن لەگەڵ بەجێماوانی ئەو کارەساتەو ئاوەدانکردنەوەو بنیات نانەوەی ناوچە ئەنفالکراوەکان و باشترکرانی باری گوزەرانی ئەوانیش لە ئەستۆی ئێمەیە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم هەروەها وتی: قەرەبووی خەسارەکان و درانی زیانبایی بە بەجێماوانی کوشت وبڕی ئەنفال ئەرکی حکومەتی ناوەندیی عێراقە.
ئەنفال لە ساڵی١٩٨٨وە هەتا ١٩٨٩ ڕووی دا کە بەهۆیەوە هێزەکانی رژیمی بەعسی عێراق کە ڕاستەوخۆ لە سەددام حوسێن فەرمانیان وەردەگرت، زیاتر لە١٨٠هەزار کوردی عێراقیان قەڵاچۆ کرد.
لە پەلاماری حەوت مانگانی ئەنفال لە فێڤرییەوە هەتا سیپتەمبەری١٩٨٨، کە تەنیا لە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە، نەینەواو سەلاحەدین جێ بەجێ کرا، زیاتر لە چوار هەزار و ٢٠٠ گوند لەناوچوو و زیاتر لە١٨٢هەزار کەس لە خەڵکی بێتاوان لەلایەن سوپاو هێزە ئاسایشییەکانی عێراق کوژران.
ئەنفال لەباری بەرفراوانی و ڕێژەی کوشت وبڕ و دڕندایەتی، لای زۆرێ لە وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان وەک یەک لە کارەساتبارترین تاوانکاریەکان لەدژ مرۆڤایەتی تۆمار کراوە.