یەکەم ڕۆژی جێژنی ڕەمەزان لە ھەرێمی کوردستانی عێراق
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i363487-یەکەم_ڕۆژی_جێژنی_ڕەمەزان_لە_ھەرێمی_کوردستانی_عێراق
لیژنەی بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند: مانگ بینراوە و ئەمڕۆ سێشەممە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەبێت.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
حوزه‌یران 03, 2019 19:47 Asia/Tehran
  • یەکەم ڕۆژی جێژنی ڕەمەزان لە ھەرێمی کوردستانی عێراق

لیژنەی بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند: مانگ بینراوە و ئەمڕۆ سێشەممە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانەوە،لیژنەی بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان ڕۆژی دووشەممە ٣/٦/٢٠١٩  رایگەیاند: مانگ بینراوە و بەم پێیە ڕۆژی  سێشەممە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەبێت.

شێخ ئیبراهیم به‌رزنجی به‌ڕێوه‌به‌ری ئیرشاد و توێژینه‌وه‌ ڕۆژی دووشەممە بڕیاری لێژنه‌ی باڵای بینینی مانگی خوێنده‌وه‌ و راگه‌یاند،  لیژنه‌ی باڵای بینینی مانگ له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و کاروباری ئایینیی هه‌رێمی کوردستان به‌مه‌به‌ستی دیاریکردنی یه‌که‌مین رۆژی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆز کۆبوه‌وە و به‌ پشت به‌ستن به‌ به‌ڵگه‌ شه‌رعیه‌کانی بینینی مانگ و هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی لیژنه‌کانی تایبه‌ت به‌ چاودێری کردنی بینینی مانگ له‌سه‌ر ئاستی هه‌مو پارێزگاکانی هه‌رێمی کوردستان و له‌به‌ر هه‌بونی به‌ڵگه‌ی شه‌رعی پێویست وا ده‌رکه‌وتوه‌ که‌ مانگ له‌ ئاسمانی هه‌رێمی کوردستان بینراوه‌ .

لیژنەی بینینی مانگ راشیگەیاند، له‌به‌ر بوونی به‌ڵگه‌ی شه‌رعی پێویست لێژنه‌ی باڵای بینینی مانگ بڕیاریدا ڕۆژی سێ شه‌ممه‌ ٤/٦/٢٠١٩  یه‌که‌مین رۆژی جه‌ژنی ره‌مه‌زانه‌ .

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە بەبۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کرەوە و تیایدا جەژنەکەی لە تەواوی موسڵمانانی جیهان و خەڵکی عێراق بەگشتی و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی پیرۆز کرد و هیوای خواست ئەم جەژنە ببێتە مایەی کۆتایی هاتنی ناخۆشی و کاولکاریی و گەڕانەوەی ئارامی بۆ سەرجەم کۆمەڵگای مرۆڤایەتی.

لە دەقی پەیامەکەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق دا هاتووە: بەناوی خوای گەورە و میهرەبان ، بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی جیهان بە گشتی و کوردستان و عێراق بە تایبەتی دەکەم.

پیرۆزبایی گەرم لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هەروەها سەرجەم کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکانی کوردستانی عێراق، دەکەم. لە خوای گەورە داواکارم ڕۆژوو و عیبادەتی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانی لە هەموو مسوڵمانان وەرگرتبێ و ئەم جەژنە ببێتە مایەی کۆتایی هاتنی ناخۆشی و کاولکاریی و گەڕانەوەی ئارامی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی.

ھەر بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستانی عێراقیش لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە موسڵمانان بەگشتی و موسڵمانانی کورد بەتایبەتی کردو ڕایگەیاند: بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە، گەرمترین پیرۆزبایی سەرەتا لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە قارەمانەکانمان، ئینجا لە سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان و کوردانی  دەرەوەی وڵات دەکەم. هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هەمووان و هاندەری هەموو لایەک بێت بۆ یەکڕیزی و ئاشتەوایی و تەبایی. هەموومان پێکەوە بە گیانی لێبوردەیی و یەکترقبووڵکردنەوە، لەپێناو ئاشتی و سەقامگیری و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان، ئەرک و بەرپرسیاریەتیی خۆمان بەرامبەر بە گەل و نیشتمان بەجێ بهێنین.

بەو هیوایەی کە جەژن و یاد و بۆنەکانی داهاتووی هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان، لە کەشێکی قووڵبوونەوەی زیاتری کولتووری پێکەوەژیان و تەبایی و فرەڕەنگی، ئارامی، ئاوەدانی، پێشکەوتنی بەردەوام و ژیانێکی باشتردا بگەڕێنەوە‌.

دووبارە جەژنی ڕەمەزان لە هەموو لایەک پیرۆز بێت و هیوای پشوویەکی خۆش و ئارام بۆ هەمووان دەخوازم.

جێگای ئاماژەیە لیژنەی بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان ڕۆژی دووشەممە ٣/٦/٢٠١٩ وێڕای رایگەیاننی بینینی مانگ لە سەرتاسەری ھەرێم  ڕۆژی  سێشەممە ٣/٦/٢٠١٩  وەک  یەکەم رۆژی جەژنی پیرۆزی رەمەزان لە کوردستانی عێراق دا ڕاگەیاند.