یەکێتی مەرجی هەیە بۆ بەشداری لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی
یه‌کێتی به‌شداریکردنی له رێوڕەسمی سوێندخواردنی سه‌رۆکی تازەی هه‌رێمی کوردستانی عێراقی مەرجدار کردووە بە ڕاپەڕێندرانی بڕگەکانی رێککه‌وتنەکەیان له‌گه‌ڵ پارتی و وتەبێژی ئەو حیزبە دەڵێت، ھەوڵی جێبه‌جێکرانی رێککه‌وتنه‌که‌مان لەگەڵ پارتی ئەو بابەتە یەکلایی دەکاتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانی عێراقەوە، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبووەوە بۆ تاوتوێ کردنی چەند پرسێک کە گرنگترین تەوەری بەشداریی ئەو حیزبەیە لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان کە بڕیارە لە دەی ژوئن لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵای هەولێر بەڕێوەبچێت.
لەم پەیوەندییەدا له‌تیف شێخ عومه‌ر گوته‌بێژی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان لەدوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە میدیای فەرمی حیزبەکەی راگەیاند: "هێشتا کاتێکی زۆرمان به‌ده‌سته‌وه‌یه که ئاخۆ یه‌کێتی به‌شداریی رێوڕەسمی سوێندخواردنی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات یاخود نا، ھەر بۆیه ھەوڵی جێبه‌جێکردنی رێککه‌وتنه‌که‌مان له‌لایه‌ن برایانی پارتییه‌وه ئه‌و پرسه یه‌کلایی ده‌کاته‌وه".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ش کە بەرھەم ساڵحی سەرۆک کۆماری عێراق کە لە لایەن نێچیرڤان بارزانییەوە بۆ بەشداریی ئاھەنگەکە بانگێشتن کراوە، ئامادەی ئاھەنگەکە دەبێت یان نا، لەتیف شێخ عومەر وتوویەتی:به‌رهه‌م ساڵح خۆی ئازاده لەو ئاھەنگەدا بەشداری بکات یان نا.
رۆژی سێشەممەی بیست و هەشتی مای لە پەرلەمانی کوردستان ، نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژیردرا، سەرەڕای بوونی رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی، بەڵام یەکێتی بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانی کرد و بەو هۆیەوە نێوانیان گرژیی تێکەوتووە.