سوێند خواردنی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ دووشەممە وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی عێراق لە شاری ھەولێر و لە بەردەم زۆرێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان سوێندی خوارد.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس ، نێچیرڤان بارزانی مانگی ڕابردوو توانی بووی بە دەست خستنی ٦٨ دەنگ لەو ٨١ دەنگەی نوێنەرانی پەرلەمانی کوردستان ئەم پۆستە بە خۆی تەرخان بدات.
لەم ئاھەنگەدا کە لە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵای شاری ھەولێر بەرپا کرا، ١٢٠٠ کەس لە کەسایەتییە سیاسی و دیپلۆماسییە نێوخۆیی و دەرەوەییەکان لەوانە بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی ھەرێم و ڕێبەری پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق، موحەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، مەولوود چاووش ئوغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا، تیای دا بەشدار بوون.
لە میانی ئاھەنگی سوێند خواردنەکەی نێچیرڤان بارزانی کۆمەڵێک لە کاربەدەست و کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان وتاریان پێشکەش کرد.
لەم بوارەدا بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق وێڕای ڕێز گرتن لە چالاکییەکانی سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: چاوەڕوانی ئەوەمان لە کاک مەسعود بارزانی دەبێت کە بۆ قۆناغی داھاتووش بە دڵنیاییەوە پشتیوانی سەرۆک و حکومەتی تازەی هەرێمیش بێت و ھەوڵی ساڕێژبوونی برینەکانی کورد و یەکخستنەوەی هێزو تواناکانی خەڵکی کوردستان بێت.
سەرۆک کۆماری عێراق جەختیشی کرد: جیا لە ڕەھەندە سیاسییەکانی ئەم ئاھەنگە بۆنەیەکی مێژوویی و گرنگە، ھەر بۆیە هیوادارین ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێی پێشکەوتن و ئاشتەوایی و ئاوەدانی بۆ کوردستان بە تایبەتی و عێراق بەگشتی .
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە، سەردەمانێک بەڕێزان مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی پێکەوە، بە هاوکاری و پشتیوانیی خوالێخۆشبوو بەڕێز نەوشیروان موستەفا توانییان قۆناغێکی سەخت و دژوار تێپەڕێنن و کوردستان لە قۆناغی دڵەڕاوکێ و ئەگەری جیاجیاوە بۆ قۆناغی ناساندنی دەستوری و پێگەی دەستوری لەناو عێراقدا بسەلمێنن.
بەرھەم ساڵح پێشی داگرت: لە بری ئەوەی عێراق گۆڕەپانی ململانێ و شەڕ و ئاژاوە بێت، با هەوڵ بدەین لە عێراقدا بە هاوکاری و هەماهەنگیی هەموو لایەنەکانمان، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، عێراق بکەینە ناوچەی بەرژەوەندیی هاوبیش و عێراق جارێکی تردوچاری ململانێ و شەر و ئاژاوە نەکەینەوە، بۆ ئەمەش ئەرکی لە پێشینەمان پتەوکردنی ریزەکانی ناوخۆی عێراقە،
سەرۆک کۆماری عێراق لە درێژەی وتارەکەی دا ڕوو لە سەرۆکی تازەی ھەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاند: بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئەزمونێکی دوور و درێژی حکومڕانی و پەیوەندیی دیبلۆماسیانەی هەیە، چاوەروانی ئێمە لە بەڕێزی ئەوەیە کە دەوری کاریگەری هەبێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و عێراقی فیدرال بەرەو ئاقار و ئاراستەی چارەسەریی یەکلاکەرەوە بڕوات، بۆ ئەو مەبەستەش بە دلنیاییەوە دکتۆر عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران و برای بەڕێزم موحەممەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و زۆرێکی تر لە نوخبە سیاسییە دیارەکانی عێراق، هاوکاری و پشتیوانیمان دەکەن.
ھەر لە ئاھەنگەکەدا مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی ھەرێم و ڕێبەری پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقیش لە وتارێکدا رایگەیاند: سوپاس بۆ خوای گەورە کە یارمەتیی داین بۆ رێکخستنەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوی ساڵی رابردوو، چونکو لە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە هەلومەرجێکی تازە هاتە پێشەوەو لە پرۆسەیەکی دیموکراسیانەدا سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرا، ئەمڕۆش سەرۆکی هەرێم سوێندی یاسایی خواردووەو لە سبەینێشەوە هەنگاوەکانی دامەزراندنی حکومەتی هەرێم دەست پێ دەکات.
مەسعود بارزانی لە ئوابەشی وتاردانەکەی دا پیرۆزبایی لە نێچیرڤانی بارزانی کرد وەک سەرۆکی تازەی ھەرێمی کوردستان و وتیشی: لێرەدا من پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەکەم و ھیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم و بە هەموو توانایەکەوە پشتگیریی دەکەم.
وتاردەرێکی دیکەی ئاھەنگی سوێند خواردنەکەی سەرۆکی تازەی ھەرێمی کوردستان، موحەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بوو کە ئەویش بەش بە حاڵی خۆی وێڕای پیرۆزبایی کردن لە نێچیرھان بارزانی ڕایگەیاند: ئەرکی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بەردەوامی دان بە گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی تازەی هەرێمی کوردستانی عێراق لە سوێند خواردنی ئەمڕۆی لە بەردەم ١٢٠٠ کەس لە کەسایەتییە سیاسی و دیپلۆماسییە نێوخۆیی و دەرەوەییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:سوێندبێت بە خوای مەزن، پارێزگاری لە مافەکان و دەستکەوتەکان و یەکڕیزی و بەرژەوەندیەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکەم و ئەرک و فەرمانەکانم بە دروستی و دڵسۆزی ئەنجام بدەم.
لەپاش سوێندخواردنەکەی ئەمڕۆی سەرۆکی تازەی هەرێمی کوردستانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی لە سەریەتی کەسێکی شیاو بۆ پێکھێنانی کابینەی تازەی دەوڵەتی ھەرێم بە پەرلەمانی ئەم ناوچەیە بناسێنێ کە وەک باسی دەکرێ مەسرور بارزانی کوڕی مەسعودبارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەم پۆستە دیاری کراوە.