دادگایی کرانی شارومەندانی نەیاری ئامادە بوونی لەشکریانی تورکیا لە خاکی ھەرێمی کوردستان
١٥ کەس لە شارومەندانی ھەرێمی کوردستان بە تۆمەتی بەشداری کردن لە خۆپیشاندانی جەماوەری ناوچەی شیلادزێ بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە ئامادە بوونی لەشکریانی تورکیا لە خاکی ھەرێمی کوردستان، دادگایی کران و بڕیاری سزادرانیان بۆ دیاری کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی خەندان ١٥ کەس لە شارومەندانی ناوچەی شیلادزێی سەربە پارێزگای دھۆکی ھەرێمی کوردستانی عێراق کە لە خۆپیشاندانە خوێناوییەکەی ڕێبەندانی ڕابردوو قۆڵبەست کرا بوون، دادگایی کران.
ئەم کەسانە لە خۆپیشاندانەکەی ٢٦ی ڕێبەندانی ڕابردوو کە بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە ئامادە بوونی لەشکریانی سوپای تورکیا لە خاکی ھەرێمی کوردستان و شاڵاوەکانی تورکیا بۆ سەر مەڵبەندەکەیان بەشدارییان کرد بوو،قۆڵبەست کرا بوون.
پارێزهر رێوینگ یاسین، پارێزەری دۆسیەکە بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، "لە دانیشتنەکەی دادگەدا دادوەر مافی قسەکردنی بە تۆمەتباران داو، ئەوانیش دوپاتیان کردهوه کە دژی داگیرکاریی هەڵوێستیان دەربڕیوەو بەشداریی خۆپیشاندانیان کردوه، کارێکی هەڵەیان نەکردوە و لێی پەشیمان نین".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "دۆسیهی خۆپیشاندانی شیلادزێ بۆ ئەو کەسانە کۆتایی هاتووە و دادوەر بڕیاری زیندانی کردنی بۆ نەداون، بەڵام هەریەکەیان بە بڕی ١٠٠ هەزار دینار سزای ماددی دراون.
پارێزهر رێوینگ یاسین وتیشی: دادوەر بڕیاری دا بۆ هەر ڕۆژێکی زیندانیان بۆ ئەو ١٥ کەسە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا، هەریهکهیان سێ هەزار دینار لە سزاکەی کەم دەکرێتەوە.
جەماوەری شیلادزێ دوای ھێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر ئەم ناوچەیە کە گیان لە دەست دانی چوار کەس لە شارومەندانی سڤیلی لێ کەوتەوە، دەستیان دایە خۆپیشاندانی ناڕەزایانەو بە پەلاماردانی بنکەی سەربازیی تورکیا لە ناوچەکە لەگەڵ لەشکریانی نێو بنکەکە تێکھەڵچوون و دوابەدوای تەقە کردنی حەوانتەی لەشکریانی تورک بەرەو ئاپۆڕەی خەڵکەکە، کۆمەڵێکیان لەوانە منداڵێکی دوانزە ساڵان گیانیان لە دەست داو زیاتر لە دە کەسیش بریندار بوون و ھێزە ئاسایشتییەکانی شیلادزێش کۆمەڵێک لە ھەڵسوڕاوانی ناوچەکەیان بە تۆمەتی تێوە گلان بەو ناڕەزامەندی دەربڕینانە قۆڵبەست کرد.
شاڵاوەکانی تورکیا بە بیانووی ھەوڵی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان بە شێوەی ڕۆژانە دژی ناوچە جۆربەجۆرەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق بەردەوامەو ئەمەش بووەتە ھۆی تێکڕووخانی ژێرخانەکانی ئەم ناوچانە و ھەتا ئێستا گیان لەدەست دان و بریندار بوونی زۆرێک لە شارومەندانی سڤیلی ھەرێم و چۆڵ کرانی ٤٥٠ گوندی سەرسنووری لێ کەوتووەتەوە. ھەتا ئێستا جەماوەری ھەرێمی کوردستان گەلێک جار دژی ئەم شاڵاوانەو ئامادە بوونی لەشکریانی تورکیا لە خاکی ھەرێمی کوردستانی عێراق ناڕەزامەندییان دەربڕیوە.