وشداریی هەولێر بە گرووپە چەکدارەکانی نەیاری تورکیاو ئێران جێگیر لە هەرێمی کورستان
وتهبێژی فهرمیی حکوومهتی ههرێمی کوردستان، گرووپە چەکدارەکانی نەیاری تورکیاو ئێران کە لەخاکی هەرێمدا جێگیرن، تۆمەتبار کرد بەوەی وا بە کردەکانیان هەولێریان خستووەتە دۆخێکی دژوار و ڕاشیگەیاند کە درێژەی ئەو بارودۆخە، قەبووڵکراو نییە.
بەپێی ڕاپۆری کوردپرێس، "سفین دزەیی" لەدیمانەی لەگەڵ بەشی کوردیی ڕادیۆ دەنگی ئەمریکا، ئاماژەی کردە دانیشتنی ئەم دواییەی "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەڤدی نوێنەرانی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان کە لە بەغدا بەڕێوە چوو، و وتی کە سەفەری وەها شاندێک بۆ عێراق، لەماوەی سی ساڵی ڕابردوودا کەم وێنە بووەو بارزانی لەدیدار لەگەڵ ئەواندا وێڕای ڕوون کردنەوەی دۆخی هەرێم، ئاماژەی بە شنگالیش کردو ئامادەبوونی هێزەکانی سەر بە پەکەکە لە شنگال، ی بە هۆکاری سەرەکیی نەگەڕانەوەی ئاوارەکانی ئەو ناوچەیە ڕاگەیاند.
وتهبێژی فهرمیی حکوومهتی ههرێمی کوردستان وتیشی ، هەرێم لەبەر کردەکانی پەکەکە لەدژ تورکیا کەوتووەتە بارودۆخێکی دژوار، چونکە بەهیچ لەونێک مەنتقی و یاسایی نییە کە هێزە چەکدارەکانی نەیاری وڵاتێک، خاکی وڵاتێکی دیکە کە سەربەستەو خاوەن سەروەریی نیشتمانییە، بۆ هێرش کردنە سەر وڵاتەکەیان بەکاربێنن و هەرێمیش ئەوەی پێ قەبووڵ ناکرێ.
دزەیی هەروەها ئاماژەی کردە گرووپە چەکدارەکانی نەیاری حکومەتی ئێران و وتی کە ئەو تاقم و گرووپانەش پێشتر بارودۆخی هەرێمیان لەبەرچاو دەگرت و ڕەوش و هەستیارییەکانیان لەبەرچاو دەگرت، بەڵام لەچەند حەوتەی ڕابردوودا بە ئەنجامدانی کردەی نەشیاو، چەند جار پەلاماریان لەدژ کۆماری ئیسلامی ئەنجام داوەو ئەوەش لای هەرێم قەت قەبووڵکراو نییە.
ناوبراو لەبارەی بڵاوبوونەوەی هەوڵ و ڕاپۆر لە میدیاکانی هەرێم سەبارەت بە پێکهاتنی تاقم و گرووپی چەکدار لەژێرناوی "هێزەکانی بەرگریی جەوهەریی هەرێمی کوردستان یان "پاراستنی جەوهەری" کە ڕایانگەیاندووە پاش ناکارایی حکومەتی هەرێم لەهەمبەر پەلامارەکانی تورکیاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو وڵاتەو هەروەها کرانەئامانجی پێگەکان و سەربازانی تورکیا لەهەرێم پێکهاتوون، پێی داگرت؛ ئەو هێزانە سەربە پەکەکەن و ئێستا کە هەرێم خاوەن کیانی سیاسی، حکومەت، پەرلەمان و سەربازیی دیموکراسییە، هیچ پێویستییەکی بە وەها هێزگەلێک نییە بۆ بەرەڤانی کردن.