نوێنەری هەرێمی کوردستانی عێراق لەبەغدا : ڕێککەوتننامەی بەغدا - هەولێر ئەمڕۆ واژۆ دەکرێ
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ وتووێژی شاندی وتووێژکاری هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق، درێژەی دەبێ و ڕێککەوتننامەی بەغداو هەولێریش بڕیارە هەر ئەمڕۆ مۆر بکرێ.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، "فارس عیسا" بە ماڵپەڕی پارتی دیموکراتی کوردستانی وت کە ئەمڕۆ دووشەممە، وتووێژی نێوان شاندی وتووێژکاری حکومەتی هەرێم وبەرپرسانی حکومەتی ناوەندیی عێراق سەبارەت بە پرسی نەوت و بودجە لە بەغدا درێژەی دەبێ.
شاندی وتووێژکاری هەرێم رۆژی ڕابردوو بەمەبەستی درێژەدان بەو وتووێژانەی حەوتەی ڕابردوو سەبارەت بە پرسی نەوت و پشکی هەرێم لە بودجەی٢٠٢٠ی عێراق دەس پێ ببوو، سەردانی بەغدای کرد، بەڵام دانیشتنە پێنج کاژێریەکەیان لەگەڵ کاربەدەستانی عێراقی بێ ئەنجامێکی دیاریکراو کۆتایی پێهات و خالید شوانی بەرپرسی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و ئەندامی شاندی وتووێژکاری هەرێم لەوبارەوە وتی کە وتووێژەکان دووشەممە بەردەوام دەکرێ.
فارس عیسا ئەمڕۆ پێی داگرت، بەپێی وتووێژەکانی رۆژی ڕابردوو، ئەمڕۆش دانیشتنێکی دیکە ئەنجام دەگرێ بەمەبەستی تاووتوێی وردییاتی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی و لەکۆتاییدا ڕێککەوتننامەی نێوان هەولێر وبەغدا لەسەر پرسی نەوت وبودجە مۆر دەکرێ و بەگوێرەی، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی٢٠٢٠ی زایینی عێراق دیاری دەکرێ، لەهەمبەر ڕادەست کرانی رۆژانە٢٥٠هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بە حکومەتی ناوەندی.
ناوبراو وتووێژەکانی بەگرینگ نرخاند و کوتی کە لە ئەنجامی ئەو وتووێژانە دوولایەن ڕێککەوتوون لەسەر پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان.
فارس عیسا پێی داگرت، بەغدا لەبەرامبەر وەرگرتنی رۆژانە ٢٥٠هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم. پشکی هەرێم لە بودجەی٢٠٢٠ بەتەواوەتی دەدا بە حکومەتی هەرێم.
ئەوە لەکاتێکدایە کە ناوبراو حەوتەی ڕابردوو پیی داگرت، ڕێککەوتنەکە رۆژی یەکشەممەو بە سەفەری شاندی هەرێم بۆ بەغدا مۆر دەکرێ.