رێککەوتنی باڵە ناکۆکەکانی یەکێتی لەسەر دابەشکردنی دەستە سەرکردایەتیەکان
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە ٢١ی کانوونی یەکەم لە سلێمانی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتمانی سازبکرێت و کۆنگرە سێ دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت، ماڵپەڕی "سپی" ناوی ئەو کەسانەی بڵاودەکاتەوە کە بۆ ئەو دەستانە تەوافقی لەسەر کراوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەووتووە، لە کۆنگرەدا ، سێ دەسەڵات هەڵدەبژێردرێت یەکەم: دەسەڵاتی چاودێریو رێسادانان بەناوی ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتی. دووەم: دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە پێکدێت لەدەستەی سەرۆکایەتیو دەستەی جێبەجێکردن. سێیەم: دەسەڵاتی دادی( تەحکیم) کە پێکدێت لەدەستەی پاراستنی قەوارەی ( ی. ن. ک).
دەربارەی دەسەڵاتی دادی کە زیاتر پێکدێت لە دەستەی پاراستنی قەوارەی یەکێتی، باڵە جیاجیاکانی یەکێتی رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە ئەم دەستەیە کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکایەتی دەکات و هەریەک لە " عومەر فەتاح و مەلا بەختیار و حاکم قادر و دلێری سەید مەجیدو ئەرسەلان بایز ئەندامی ئەو دەستەیە دەبن.
بەپێی زانیاریەکانی سپی، لە کۆنگرەدا ئەو ناوانە پێشنیار دەکرێنە سەر کۆنگرەو ئەوانیش بڕیاری لەسەر دەدەن.
بە پێی راپۆرەکەی سپی میدیا ، هەروەها کۆنگرە ١٢١ ئەندام وەک ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتی هەڵدەبژێرێت کە ئەوان بەرپرس دەبن سیاسەتی گشتی و چاودێری و رێسا دادان بۆ یەکێتی، لە نێو ئەم ١٢١ ئەندامە هەڵبژێردراوەدا دەستەیەکی جێبەجێکار هاوشێوەی مەکتەبی سیاسی هەڵدەبژێریت و هەریەک لەوانە بەرپرسی ئۆرگانەکانی یەکێتی دەبن، هاوکات ئەو دەستەیە سەرۆکێک بۆخۆی هەڵدەبژێرێت، تا ئێستا لەنێو باڵەکانی یەکێتی دا بۆ سەرۆکایەتیکردنی ئەو پۆستە ناوی بەرهەم ساڵح دێت.
کۆنگرەکە داخراو دەبێت و رێگا بە میدیاکان نادرێت رووپێووی کۆنگرە بکەن .
کۆنگرەکە لە پێشەنگای سلێمانی سازدەکرێت لە رۆژئاوای سلێمانی لە ناوچەی تاسلوجە.